یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
بەڕێز حیزبی دێموکراتی کوردستان!
سڵاوێکی گەرم!
بەبۆنەی “حەفتا و پێنجەمین” ساڵوەگەڕی دامەزراندن و” یۆبیلی ئەڵماسی” حیزبە تێکۆشەرەکەتان، پیرۆزبایی لە سکرتێر و ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و کەسوکاری شەهیدان و تەواوی پێشمەرگە و ئەندامەکانتان دەکەین.
دیارە لە مێژووی خەباتی پڕ سەروەری، حیزبی دێموکرات سەرباری ئاستەنگ و دژواری و ڕێگەی خەبات، دەستکەوتی گەلێک مەزنی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەدەست هێناوە، لەم پێناوەشدا، هەر لە سەرەتاوە ڕێبەرانی حیزب سەرقافڵەی کاروانی شەهیدانیان گرتوە. کە پێشەوا قازی، شەهید دوکتور قاسملوو، شەهید سادق شەڕەفکەندی نمونەی هەرە دیار و بەرجەستەی تێکۆشانە مەزنە بوون.
جێی بایەخە کە یەکیەتیی نیشتمانی و حیزبی دێموکرات لە زۆر وێستگەی ژیانی سیاسی و پێشمەرگەیەتیدا هاوکار و پشتیوانی یەکدی بوون، کە ئەم دۆستایەتی لە فکری پڕ حکمەتی سەرۆک مام جەلال و شەهید دوکتور قاسملووەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە جێ پەنجەی بەسەر نەخشی زۆر ڕووداوی سیاسییەوە هەبوو.
دوبارە ئەم یادە پیرۆزە دەکەین و سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدان.
لەگەڵ ڕێزدا.
سالار سەرحەد خەلیفە یونس
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکیەتیی نیشتمانی
بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکان
***
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
بەبۆنەی هەفتاو پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوە بەڕیزان بنەماڵەی شەهیدان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دەکەین و ئاواتە خوازین کە تێکۆشانی گەلی کورد لە داهاتوویەکی نزیکدا بگاتە ئامانج و ئەو یادە لە وڵاتێکی ئازاددا پیرۆز بکەین.
بەڕێزان بێگومان لەو هەفتاو پێنج ساڵەدا نرخی زۆر گەورە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا دەستبەر بوون کە بوون بە بەشێک لە مێژووی پڕشکۆی گەلی کورد. هەزاران شەهید هەر لە پێشەوای نەمرەوە بگرە هەتاکوو کەسانی بلیمەت وکوو کاک جەلیلی گادانی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆچکردنی داغداری کردین بوون بە ئیلهام بۆ درێژەدانی خەبات و تێکۆشان لە پێناوی ئازادیی وڵاتەکەماندا. جێی خۆیەتی کە پێکەوە بەڵێنی درێژەپێدانی ئاوات و داخوازەکانی ئەوان بدەین و بەو شێوەیە یادی خەبات و تێکۆشانیان بەرز ڕابگرین.
جارێکیتر ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە ئێوە پیرۆز دەکەین و ئاواتەخوازین ئەم چەشنە بۆنانە ببنە هەوێن و بەستێنی یەکڕیزی و یەکگرتنی هەموو تێکۆشەرانی خەبات و هەڵمەت لەپێناوی ڕزگاری گەل و نیشتمانماندا.
بەهیوای ڕۆژانی ئازاد.
هاوسەرۆکایەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)
***
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
بۆ بەڕێز حیزبی دێموکراتی کوردستان
وێڕای سڵاوی گەرم!
بەبۆنەی یادەوەریی ٧٥هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و هەموو تێکۆشەرانی نێو ڕیزەکانتان دەکەین. یادی زیاتر لە ٧ دەیە خەبات و تێکۆشان و چالاکیی ئێوە وەکوو حیزبێکی بە ئەزموون، لە دەروون و مێژووی نەتەوەکەماندا هەرمانە.
لە سەردەم و بارودۆخە نوێیەدا، پێویستیی یەکیەتی و پاراستنی یەکڕیزی کە یەکێک لە ئامانجەکانی دامەزراندنی حیزبە هەڵسووڕاوەکەتان بووە، زیاتر لە جاران خۆ دەنوێنێ. دڵنیاین بەپێی ڕەوت و کارنامەی پێشووتان، گرینگایەتی بەجێهێنانی ئەم ئەرکە کە لای ئێوەش پڕ بایەخ و هەستپێکراوە دەدرێ و هیوادارین هەموومان، بە کۆدەنگییەوە بەرەو پێشی ببەین.
جارێکی دیکە وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە، هیوادارین حیزبە خەباتگێڕەکەتان شێلگیرتر و سەرکەوتووتر لە جاران، لەپێناو و لە ئاراستەی ئامانجەکانی گەلی کورد و مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانی تێکۆشان بکا و بە هەوڵێکی هەمەلایانە، داهاتوویەکی گەشاوە بێنێتە دی.
لەگەڵ ڕێزدا.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
***
حیزبی شیوعی کوردستان
بەڕێز سکرتێری گشتی و دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
لەگەڵ سڵاو!
بەبۆنەی (٧٥)مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبە تێکۆشەرەکەتان حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حیزبی شیوعیی کوردستان پیرۆزبایی گەرمی ئەو یادەتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازین.
حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە ڕۆژی دامەزرانیەوە تا ئەمڕۆ کە یادی (٧٥) ساڵەی دامەزراندنی دەکەنەوە، درێژەی بە خەبات و تێکۆشان داوە لەپێناو مافی ڕەوای گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و، ڕۆڵێکی بەرچاوو کاریگەری لە کاروانی خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی هەبووە؛ لەم ڕێگایەشەوە قوربانی و شەهیدی زۆری پێشکەشی گەلی کوردستان کردوە.
هیوادارین ئەم یادە ببێتە مایەی زیاتری یەکڕیزی هێز و لایەنە سیاسیەکان لەپێناو بەدەستهێنانی ئاوات و ئامانجە ڕەواکاندا.
لە کۆتایدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندیی دێرینەی هەردوولامان دەکەینەوە.
دووبارە پیرۆزبایمان قبول بفەرموون.
لەگەڵ ڕێزماندا
مەکتەبی سیاسی
حیزبی شیوعی کوردستان- عێراق
***
پەیامی پیرۆزبایی “لویس ئایالا”، سکرتێری گشتیی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست بە بۆنەی یووبیلی ئەڵماسی حیزبی دێموکرات
بەرێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
هەڤاڵە بەڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
بەختەوەرم کە بە بۆنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی پلاتفۆرمی سیاسیی هاوبەشی گەلی کورد، پیرۆزبایی گەرمی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست پێشکەشی ئێوە بکەم. ئەمڕۆ لە بیری هاوبەشماندا، یادی دامەزرێنەران، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە دواتر گیانیان لێ ئەستێندرا، وەک د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و د. سادق شەرەفکەندی کە لە کاری ئینتێرناسیۆنالەکەماندا بەشدار بوون، لەگەڵ ئێمەن.
ئەو بیرۆکە، بەها و پرەنسیپانەی کە ئەوان بڕوایان پێ بوو و کە ئەمڕۆ گەلی کورد بڕوای پێیانە، لە نێو ئێوەدا زیندوون. قوربانیدانەکانی دوێنێ و خەباتی هەنووکەیی ئێوە بەشێک لە ئاجێندای جیهانی بۆ دنیایەکە لە ئاشتەواییدا، بە خەڵکێکی ئازاد کە بە مافەکانیان خەنی بوون و لە دێموکرسییدا دەژین، هەروەها شتێکە کە ئامانجی ئینتێرناسیۆنالی ئێمەیە.
بەو هیوایە کە کاری هاوبەشمان ببێتە هۆی سەرکەوتن.
لویس ئایالا، سکرتێری گشتی
١٤ی ئاگوست ٢٠٢٠
***
یەکێتیی دێموکراتی کوردستان
بەڕێزان ئەندامانی سەرکردایەتی و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان!
وەک یەکێتیی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەیامی پیرۆزبایی خۆمانتان پێشکەش دەکەین، دیارە حیزبی دێموکراتی کوردستان، دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی بێوچانی هەیە لە پێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەسپاندنی دیموکراسی لە ئێراندا، هەزاران شەهید و قوربانی لەو پێناوەدا بەخشیوە بە خەباتی ڕزگاری خوازی گەلی کورد و لە ئێستادا مێژووی حیزبی دیموکرات، مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیک و ئازادیخوازانەی کوردە لە ئێراندا و شایانی ڕێز و پێزانینە.
وەک یەکێتیی دێموکراتی کوردستان، بە بیرهێنانەوەی دۆخی ناوچەکە و ئێران و تایبەت کوردستان بە گشتی، هیوای ئەوە دەخوازین کە بۆ بەهێزبوونی هەڵوێستی نەتەوەیی و هەبوونی قورسایی خەباتی کورد لە ئێران، هەوڵی یەکگرتنەوەی حیزبی دیموکرات ببێتە سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغی نوێی دوای یووبیلی ئەڵماس و دڵی دۆستان و ئازادیخوازان و گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاد بکەن.
جارێکی تر یووبیلی ئەڵماسی ٧٥ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانتان لێ پیرۆز دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
یەکێتیی دێموکراتی کوردستان
***
پەیامی عەلی قازی بەبۆنەی یوبیلی ئەڵماسی حیزبی دێموکرات
بە بۆنەی هاتنی ٢٥ی گەلاوێژ، حەفتاوپێنجەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی دەکەم له هەر دوو حیزبی دیموکراتی کوردستان و دیموکراتی کوردستانی ئیران و تەواوی دڵسۆزان و تێکۆشەرانی نەتەوە و نیشتمان.
هیوادارم ئەو دوو حیزبه به زووترین کات یەک بگرنەوە و وەک هێزێکی سەربەخۆ و گەوره بۆ ڕزگار کردنی کوردان له ڕۆژهەڵات بە ئیرادەیەکی جیدی حەول بدەن و گەر یەکگرتوو بین دڵنیام بێشک سەردەکەوین کە هەر ئەوە بوو ئامانجی مەرحومی باوکم وەک دامەزرێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان.
دەبێ ڕێباز و بیر و ئایدولۆژیی پێشەوا قازی محەممەد بکەین بە سەرمەشقی خۆمان چ له قسە و نووسیندا و چ له عەمەل و تێکۆشاندا.
بژی کورد، بژی کوردستان .
عەلی قازی
***
حیزبی ڕزگاریی کوردستان
بەرێز، خالیدی عەزیزی!
بەرێزان، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
سلاوێکی گەرم!
بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبە تێکۆشەرەکەتان بەناوی دەستەی سەرۆکایەتی و مەکتەبی سیاسیی حیزبی ڕزگاریی کوردستان پڕ بەدڵ پیرۆزبایی یۆبێلی ئەلماسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەفتەری سیاسی و ئەندام و لایەنگرانتان دەکەین.
بە هیوای سەرکەوتن لە خەبات و تێکۆشانتان و ئومێدەوارین ئەم یادە شکۆدارە ببێتە هەوێنی یەکڕیزی و هاوئاهەنگی لە خەبات و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد کە ئێستا زەروورەتێکی حەتمییە لە هەمبەری هێرشی ناڕەوای فاشیستی تورک و ڕێژێمی پەت و سێدارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
حیزبی ڕزگاری لە هەوڵی پتەوکردن و توند و تۆڵکردنی پەیوەندیەکانمانین لەگەڵ حیزبە تێکۆشەرەکەتان.
دەستەی سەرۆکایەتیی حیزبی ڕزگاریی کوردستان
***
پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان
بەڕێز دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
سڵاوێکی گەرم!
بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٧٥ ساڵ لە خەبات و تێکۆشانی نەپساوە و فیداکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یوبیلی ئەڵماس، پیڕۆزبایی گەرمی خۆمان لە بەڕێزتان و سەرکردایەتی و تەواوی کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانتان دەکەین.
دیارە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەنجامی هەلومەرجێکی بابەتی و خۆیی وەک پێداویستییەکی ئەو قۆناغە، بوو بە مایەی شانازی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، توانی ببێتە خاوەنی حکومڕانییەکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی کۆماری کوردستاندا. مێژووی ٧٥ ساڵ لە خەبات و تێکۆشان و ئەزموونی سەختی ئەو ڕۆژگارانە پێمان دەڵێ کە شاڕێگا بۆ سەرکەتن و گەیشتن بە مەنزڵگە و وەدەستهێنانی کوردستانێکی ئازاد و دێموکرات و حکومڕانییەکی کوردانە تەنها و تەنها بە یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی و پشت ئەستور بە خەڵکی کوردستان فەراهەم دەبێ، بەمەش لە لایەن دۆستان پێگەی بەرزتر بۆ دوژمنانیش بەهێزتر دەبێ. جێگای ئاماژەیە بڕیاری دوا کۆنگرەتان ئەو پەڕی ئازایەتی و بوێریە بۆ هەنگاونانی یەکگرتنەوە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خواست و پێداویستییەکی سەرەکی قۆناغەکەیە. گومان نییە کە ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم چاوەڕوانی گۆڕانگاری گەورەدایە کە نیشتمانی ئێمەش لەم پێشهات و هاوکێشەیە بەدەر نییە. بۆیە پێویستە لە هەموو ئاستە جیاجیاکانی تێکۆشاندا ئامادەسازی بکرێ و بەرنامەوە پلانی گونجاو بگیرێتە بەر کە لەگەڵ هەلومەرجی نێودەوڵەتی هاوتەریب بێت و بتوانرێت ڕووداو گوڕانکارییەکان لە بەرژەوەندیی نیشتمان و خواست و داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکرێت.
جارێکی تر بەم بۆنە شکۆدارەوە، ئێمە پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان پیرۆزبایی خۆمان ڕادەگەیەنین و جەخت لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوانمان دەکەینەوە، ئۆمێدوارین لە پێناو بەرژەوەندیی گەل و نیشتماندا پەیوەندییەکەمان زیاتر پێش بخەین.
هەر سەرکەوتوو و سەرفرازبن .
لەگەڵ ڕێزماندا
پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان
مەکتەبی سیاسی
***
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
بەڕێز، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستان
سڵاوێكی گەرم،
بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، یادی ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە ناوی مەكتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و هەموو خەباتگێڕانی حیزبی دێموکرات دەكەین و ئومێدەوارین یوبیلی ئەڵماس دەرفەتێکی دیکە بێ بۆ یەكڕیزی و بەرەو پێشبردنی خەبات لەپێناو وەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران.
حیزبی دێموكرات، وەڵامدەرەوەی خواستەكانی خەڵكی كوردستانە و لەمێژووی دامەزراندنیەوە حیزبێكی كاریگەربوو، لە زۆر بواردا ڕچەشكێن بوو، یەكەمین كۆماری دیموكراتی كوردستانی ئاوا كرد، لەپەرەپێدانی هۆشیاری سیاسی و ڕێكخراوەیدا، لە پێشخستنی ڕۆژنامەگەری كوردیدا، پێشەنگ بووە. ئێستاش وەک حیزبێكی بە ئەزموون، خاوەن تایبەتمەندی لەمەیدانی سیاسیدایە.
لەكاتێكدا، كە بە ڕێزەوە یوبیلی ئەڵماسی حیزبی دیموكرات یاد دەكرێتەوە، كوردستان و ناوچە پێی ناوەتە قۆناخێكی دژوار و ناهەموارەوە، سەرەڕای زیادبوونی مەترسیی کۆرونا ڤایرەس و لێکەوتەکانی، هەڵكشانی ململانێی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لەلایەک و پەرەسەندنی سیاسەتی فراوانخوازی هێزە ئیقلیمیەكان لە لایەكی تر ئارامی و ئاسایشی ناوچەیان خستۆتە بەردەم ئەگەری نادیارەوە. بۆیە لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەدا، لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی داوا دەکرێ، دەرگا بەڕووی ناكۆكییەكان دابخەن، لە كێشە و ئاریشە لاوەكی و ناوەكییەكان دوور بكەونەوە زیاتر لا لە ئەركی هاوبەش و پرسی بنچینەیی بكەنەوە.
هەر لەو پێوەندەدا، جارێكی دیكە جەخت لە پێویستیی پتەوكردنی پەیوەندیی لە نێوان حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و حیزبی دێموكراتی كوردستان دەكەینەوە.
لە یوبیلی ئەڵماسیی حیزبی دێموكراتی كوردستاندا،
سڵاو لە گیانی پاک و بێگەردی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆكی یەكەمین كۆماری دێموكراتی كوردستان و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان.
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
***
بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان
بەڕێز دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
لەگەڵ سڵاو!
بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کاتێکدا دامەزرا کە بووە پێشڕەوی تێکۆشان و گەلەکەمانی گەیاندە کاروانی تێکۆشانی گەلانی ژێردەستە و مافخوراوان و مێژووی تەمەنی گەواهیدەری قوربانی بێشوماری حیزبی دێموکرات لە ڕێگای خەبات و تێکۆشانی لەپێناو ئازادی و سەربەستی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شانازییەوە لە ڕێگای خەباتی پێشەوا قازی و دوکتور قاسملوو و شەڕەفکەندی و تەواوی شەهیدان خۆڕاگرانە درێژەی بە کاروانەکە دا لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
جارێکی دیکە پیرۆزبایتان ئاراستە دەکەین و جەخت لە پەیوەندیەکانی نێوانمان دەکەینەوە.
مەکتەبی سیاسی
بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان
***
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
بە ناوی کوردستانی گەورە!
بەڕێز: هەڤاڵانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان
بە بۆنەی ٧٥مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات. گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی هەموو تێکۆشەرانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دەکەین.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە سەر بنەمای گوتار و هزری نەتەوەیی هەوڵ دەدا پەیوەندییەکی دۆستانە و برایانە لە پێناو بەرژەوەندیی گەلەکەمان لەگەڵ هەموو هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک بخا و هەوڵمان یەکڕیزی نێو ماڵی کوردە و هیوادارین بە خەمخۆریی هەموو لایەکمان ئەو تەباییە بێتە ئاراوە.
لە کۆتاییدا جارێکی تر پیرۆزبایی خۆمان لە ناخی دڵەوە پێشکەش بە هەموو خوشک و برایانی تێکۆشەری ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان لە گشت بوارێکدا بۆ بە ئاوات دەخوازین.
دەفتەری سیاسیی پارتی سەربەخۆیی کوردستان
١١ /٨/٢٠٢٠ زایینی
***
پارتی سەوزی کوردستان
بەڕێز حیزبی دێموکراتی کوردستان!
سڵاوێکی ژینگە دۆستی!
بەبۆنەی(75)مین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبە تێکۆشەرەکەتان، حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەناوی سەرجەم ئەندامانمان لە پارتی سەوزی کوردستان جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بەڕێزتان دەکەین، خوازیارین ئەم بۆنە پیرۆزە بێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلی کوردمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ناوچەکە.
بێگومان حیزبە تێکۆشەرەکەتان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە خەباتی سیاسی و چەکداری و کۆمەڵایەتی و ژینگە پارێزیدا.
دوبارە پیرۆزباییمان قبوڵ بفەرموون بە هیوای سەرکەوتن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی سەوزی کوردستان