كۆمیسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له بڕیارنامه‌یه‌كدا ده‌ستێوه‌ردانی ئێران و ڕووسیه‌ی له كاروباری نێوخۆیی سووریه مه‌حكووم كرد.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی ڕۆیتێرز، ئه‌م بڕیارنامه‌ی عه‌ره‌بستان كه به هاوكاری قه‌ته‌ر و كۆمه‌ڵێكی دیكه له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان، وێڕای ئا‌مریكا و وڵاتانی ڕۆژاوایی ئاماده كراوه، له لایه‌ن سێهه‌مین كۆمیسیۆنی كۆڕی گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه په‌سند كرا.
له نێو ١٩٣ وڵاتی ئه‌ندامی ئه‌م كۆمیسیۆنه‌دا، ١١٥ وڵات ده‌نگی به‌ڵێیان به‌م بڕیارنامه‌یه داوه، ١٥ وڵات به‌دژی وه‌ستاون و ٥١ وڵاتی دیكه‌ش بێ لایه‌ن بوونی خۆیان ڕاگه‌یاندووه.
له‌م بڕیارنامه‌یه‌دا به‌بێ ئه‌وه‌ی كه به ڕوونی ئاماژه به ڕووسیه كرابێ، هاتووه كه، كۆڕی گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان زۆر به توندی گشت په‌لاماره‌كان بۆ سه‌ر ئۆپۆزیسیۆنی میانه‌ڕه‌وی سووریه مه‌حكووم ده‌كا و خوازیاری ڕاگیرانی ئه‌م په‌لامارانه‌یه، چونكی ئه‌م جۆره هێرشانه ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیی گرووپی داعش و باقی گرووپه تێرۆریستییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك نوسره دان.
ده‌قی ئه‌م بڕیارنامه‌یه به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ڕووسیه‌ی كردۆته ئامانج كه فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كانی له نزیكه‌ی 2 مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌وه، په‌لاماری بنكه‌كانی دژبه‌رانی ئه‌سه‌د ده‌ده‌ن.
ئه‌م بڕیارنامه‌یه هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌م گرووپه تێرۆریستییه بیانییانه‌ی وه‌ك سپای قودس، سپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانیش مه‌حكووم ده‌كا كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ڕێژیمی ئه‌سه‌ددا شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
عه‌بدوڵڵا ئه‌لموعه‌لیم باڵوێزی عه‌ره‌بستان، داوای له وڵاتانی ئه‌ندامی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كردووه پشتیوانی له‌م بڕیارنامه‌یه بكه‌ن. ناوبراو له وته‌كانی خۆیدا ئاماژه‌ی به ئالان كوردی مناڵه ته‌مه‌ن ٣ ساڵانه‌كه‌ی ڕۆژاوای كوردستان كردووه كه به هۆی شه‌ڕی نێوخۆیی سووریه به بنه‌ماڵه‌وه ئاواره ببوون و سه‌ره‌نجام له ئاوه‌كانی توركیه‌دا خنكا.
باڵوێزی عه‌ره‌بستان وتوویه‌تی: داواتان لێ ده‌كه‌م ئالان به ته‌نیا جێ مه‌هێڵن و دوو جار مه‌یكووژن.
شایانی باسه بڕیارنامه‌ی عه‌ره‌بستان داوا له شێوهنیزامییان بیانی ده‌كا زۆر به خێرایی خاكی سووریه به‌جێ بێڵن. هه‌روه‌ها زۆر به توندی ڕه‌خنه‌ی له گرووپی داعش و باقی گرووپه توندڕه‌وه‌كانی دیكه گرتووه و به هۆی ده‌ستدرێژی كردنه‌كان و هه‌ڵسوكه‌وته نامرۆڤانه‌كانیان سه‌ركۆنه‌یان كردوون.