هێزە ئەمنیەتییەکانی سەر بە دەزگای ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە چالاکیی زیاتری ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە شار و گوندەکانی کوردستاندا بڵاو بوونەتەوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ کەشێکی ئەمنیەتی بە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستانەوە دیار بوو و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هاتوچۆی خەڵکیان خستبوە ژێر چاودێرییەوە.
جموجۆڵی هێزەکانی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە لە بەرەبەری ٢٥ـی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە سەرتاسەری کوردستان چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد و بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تراکت و چەندین شێوەی دیکە ڕێزیان لە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گرت.
بە پێی هەواڵی کۆمیسیۆنی تەشکیلات ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانی سەر بە ئیتلاعات و سپای پاسداران لە نێو شارەکانی سنە، سەقز، مەهاباد، شنۆ و پیرانشار بڵاو بوونەوە و بە ماتۆڕ بە نێو کووچە و کۆڵانەکاندا دەگەڕان و هاتوچۆی خەڵکیان خستوەتە ژێر چاودێرییەوە.
بە پێی هەمان سەرچاوە هێزەکانی سپای پاسداران دوێنێ و ئەمڕۆ بە هێزێکی زۆرەوە چوونە نێو ئاواییەکانی ناوچەی سنە و وێڕای هەڕەشە و گوڕەشە لە خەڵک، دروشمە نووسراوەکانی سەر دیوارەکانیان ڕەش دەکردەوە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ماندوو نەبوونی لە دڵسۆزان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هیوای سڵامەتی و سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.