خاتوو “فاتمە یەزدانپەرەست” خوشکی شەهید “زورار یەزدانپەرەست” لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، خاتوو “فاتمە یەزدانپەرەست، کچی “مام ئەڵڵا” و خوشکی شەهید “زورار یەزدانپەرەست” و ئەندامی حیزبەکەمان خاتوو “ئێقباڵ یەزدانپەرەست”، لە تەمەنی ٨٣ ساڵی و بە هۆی نەخۆشی لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
خوشکە “فاتمە یەزدانپەرەست” لەدایکبووی گوندی “مارەغانی” ناوچەی سەردەشت بوو، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و کوردپەروەردا چاوی بە ژیان هەڵێنا و ڕزگاریی کوردستان و گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی خەونی هەمیشەیی بوو.
لە شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەماندا و خەبات بۆ وەدیهێنانی ویست و داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد، بنەماڵەکەیان قوربانییەکی زۆریان داوە و برایەکی بە ناوی “زورار یەزدانپەرەست” ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، لە شەڕێکی قارەمانانەدا بە دەستی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوندی “مارەغان”ی ناوچەی سەردەشت شەهید بوو.
هاوکات سێ برای دیکەی ساڵانێکی دوورودرێژ لە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان لە شاندا بوو و ئەوپەڕی قارەمانەتی و فیداکارییان لە خۆیان نیشان دا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی خاتوو فاتمە و سەرجەم خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین.