“سۆهراب محەممەدی” ناسراو بە سۆهراب بەخشی”، لەدایکبووی ساڵی ١٣١٧ـی هەتاوی، خەڵکی شاری “مانە و سملقان”، سەر بە ناوچەی خوراسان کە کەسایەتییەکی دیاری ئەو ناوچەیەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ـی گەلاوێژی ساڵی ٩٩ـی هەتاوی بە هۆی نەخۆشیی دڵەوە لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو هەر لە منداڵییەوە بە هۆی ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی فەرهەنگی و هونەری و هۆگری کولتووری کوردیدا لەدایک ببوو، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە تێکەڵ بە مۆسیقا و هونەری کوردی بوو و دواتر لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە ژەنینی ئامێری “دووتار”ـی دەست پێکرد و هاوکات شێعر و هۆنراوەکانی ناچەی خوراسانی لەبەر کرد، بە هۆی دەنگی خۆش و توانایی تایبەتی لەو بوارەدا، زۆر زوو بوو بە کەسێکی بەرچاو و دیاری ئەو ناوچەیە.
ناوبراو ٥٧ ساڵ لە تەمەنی دیاری کرد بۆ کاری هونەری و مۆسیقا و لەو بوارانەدا دەیان و سەدان هەڵبەست و شێعر و ئاوازی تایبەتی هەیە .
جێگای ئاماژەیە کە دەنگی دووتاری ناوبراو هەموو کات هەوێنی ئارامی و دەنگ و شێعرەکانی خۆی، هەمیشە جیگای ڕەزامەندیی خەڵکی ناوچەی خوراسان بووە. سۆهراب بەخشی لە کاتی ژیاندا سەبارەت بە دەنگی دووتار و شێعر و ئاوازەکانی خۆی کە زۆربەیان ئاوازی حەماسی بووە دەیگوت: “سەرچاوەی شێعرە حەماسییەکان هەڵدەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی تاڵان و بڕینی ئەحمەد شا و زۆر ئەفسانەی دیکەی ئەو سەردەمەیە کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، لەلایەن خەڵکی خوراسانەوە هەر دەگوترێتەوە.”
لە بەرهەمەکانی ناوبراو دەتوانین ئاماژە بە “الله مزار” ،”هەرای”،”شاه فەتایی”،”جەعفەر قولی ” و “سەردار عێوەز خان” بکەین.
پیشەی سەرەکیی سوهراب بەخشی کشتوکاڵ بووە و لە ئێستادا ٣ کچ و ٥ کوڕی لە دوای خۆی بە جێ هێشتوە کە بوونەتە میراتگری باوکیان و ئەوانیش لە بوارەکانی هونەر و مۆسیقادا دەستی دەوڵەمەندیان هەیە.