بەپێێ هەواڵی هەواڵدەریی چاونیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٩، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی چوار ساڵ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بەسەر “هاجەر سەعیدی”ـدا سەپێندرا.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ١٥ی گەلاوێژ، یەکەم دانیشتنی دادگا بە سەرۆکایەتی قازی “سەعیدی” بەڕێوە چوو و دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری ڕێژیم، بەشداری لە گردبوونەوەی نایاسایی و پێوەندی لەگەڵ چالاکانی کرێکاری “مەحموود ساڵحی، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی و یۆدا سەمەدی” تاوانبار کردبوو، بەڵام هاجەر سەعیدی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەد کردبوەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ، هاجەر سەعیدی چالاکی بواری ژنان دوای ١٨ ڕۆژ مانەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردان، هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ناوبراو و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەریان کردبوو.