ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ـی گەلاوێژی ٩٩ـی هەتاوی، کۆمەڵێک لە کرێکارانی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئێران ماوەی چەندین ڕۆژە داوای مافەکانیان دەکەن و لە خۆپیشاندان و مانگرتن بەردەوامن.
کرێکارانی کارخانەی “نەیشەکەری حەوت تەپپە” ماوەی نزیک بە دوو مانگە کە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕین و کۆبوونەوە بەردەوامن و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن. خۆپیشاندانی ئەمڕۆی کرێکارانی نەیشکەری حەوت تەپپە سەرەتا بە ناڕەزایەتیدەربڕینی چەند کرێکارێک لە بەردەم بینای فەرماندارییەوە دەستیپێکرد و کرێکاران ڕایانگەیاند کە تا گەیشتن بە مافەکانیان لە خۆپیشاندان بەردەوامن.
شایانی باسە ئەو کرێکارانە ماوەی نزیک بە دوو مانگە داوای چەند مافێکی کارەکەیان دەکەن، بەڵام هیچ کام لە کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیم وڵامدەری داواکارییەکانیان نییە.
لە لایەکی دیکەوە و هەر ئەمڕۆ، پێرسۆنێلی چاودێریی کارەبای وێستگەی تاران بە هۆی پێنەدانی ماف و حەقی خانەنشین کراویان، دەستیان داوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین و داوای چەند مافێکی سەرەتایی وەک: “حەقدەستی دواخراوی کارەکەیان و نەهاتنەوەی کەسانی خانەنشین کراو بۆ سەر کارەکانیان” کردوە.
جێگای ئاماژەیە کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. یەکێک لەو چینە زەحمەتکێشانە چینی کرێکارە کە بەردەوام مافەکانیان پێشێل دەکرێ و هیچ لایەنێک ئامادە نییە سەبارەت بە مافی کرێکاران وەدەنگ بێ.
لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر کەس یان کەسانێک بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین مان بگرن یا خۆپیشاندان بکەن، ئەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێ و تۆمەتی ناڕەوای دەدرێتە پاڵ.