فشار بۆسه‌ر زیندانییانی سیاسیی له به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی شاری سنه به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه.
له حاڵێكدا كه فشارهێنان بۆسه‌ر زیندانییانی سیاسیی له زیندانی ناوه‌ندیی سنه بۆته كارێكی ئاسایی و ڕۆژ نییه ئه‌م گیراوانه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئازارانه به‌ره‌وڕوو نه‌بنه‌وه، به‌ڵام ئێستا ئیدی به‌ڕاده‌یه‌ك ئه‌م فشارانه چڕ بوونه‌وته‌وه كه نیگه‌رانییان له‌لای بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م زیندانییانه و كۆڕ و كۆمه‌ڵه مرۆڤدۆسته‌كان دروست كردووه.
كاربه‌ده‌ستانی زیندانی ناوه‌ندیی سنه وه‌ك سه‌رۆكی به‌شی ئیتلاعات ، به‌رپرسی حیفازه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ری نێوخۆیی له سه‌ر بڕیاری سه‌رۆكی زیندان، به به‌رده‌وامی و به بیانووی جۆراوجۆر فشار ده‌خه‌نه سه‌ر زیندانییانی سیاسیی ئه‌م زیندانه و ئه‌زیه‌ت و ئازاریان ده‌ده‌ن. ئه‌م كاربه‌ده‌ستانه زیندانییانی سیاسی‌یان له بارودۆخێكی زۆر نامرۆڤانه‌دا ڕاگرتووه، به جۆرێك كه ئێستا خه‌ریكن له به‌شی خۆراك و داودهرمانشیان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی پارێزه‌رانی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، هاوكات له‌گه‌ڵ چڕ بوونه‌وه‌ی فشاره‌كان بۆسه‌ر ئه‌م زیندانییانه، له به‌شی خواردنی ئه‌م گیراوانه‌ش به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م كراوه‌ته‌وه و له بواری چۆنیه‌تیی و پاك و خاوێنیشه‌وه خراپتر له پێشوو بووه. ئه‌وه له حاڵێكدایه كه زۆربه‌ی ئه‌م زیندانییانه له چینی هه‌ژار و ده‌سكورتی كۆمه‌ڵگان و توانای كڕینی خۆراكیان نییه و كه‌م بوونی جیره‌ی خواردنی زیندان و پیس بوون و خراپ بوونیان بۆته هۆی نه‌خۆشی و لاواز بوونی ئه‌وان.
شایانی باسه كه زیندانی ناوه‌ندیی سنه ١٠ به‌ندی هه‌یه و له هه‌ر ژوورێكی ئه‌م زیندانه‌ش ٢٠ تا ٢٥ كه‌س به‌ند كراون، ئه‌وه له حاڵێكدایه كه نیوه‌ی ئه‌م زیندانییانه ته‌ختی نووستنیشیان نییه، هه‌ر بۆیه له‌سه‌ر زه‌ویی ژووره‌كان و له به‌ر ده‌رگاكان به پاڵهپهسته جێگه‌ی نووستن بۆخۆیان ده‌كه‌نه‌وه.