ژێنێڕاڵ “کێنت مەکێنزی”، فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژ جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی ناتۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێژموونیی “چارەسەرنەکراوی ئێران” بۆ ماوەیەکی درێژ لە عێراق و سووریە دەمێننەوە.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە ئەگەری کەمکردنەوەی هێزەکانمان هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هێزەکانمان لە عێراق و سووریە دەمێننەوە.
فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گوتی: “ئەگەری ئەوەی کە لە مانگەکانی داهاتوودا هێزەکانیان کەم بکەنەوە هەیە، لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تا ئێستاش واشینگتۆن بڕیاری کشانەوە یا کەم کردنەوەی هێزەکانی نەداوە.
بە پێی ڕاپۆرتی “نیۆیۆرک تایمز″، ژێنێراڵ کێنت مەکێنزی، فەرماندەی باڵای هێزەکانی پێنتاگۆن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گوتی: “ئێستاش٥٢٠٠ سەرباز بۆ هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان بۆ شەڕ لەگەڵ دەستە بەجێماوەکانی داعش لە عێراقدا جێگیرن.
ژنێراڵ مەکێنزی گوتی: “چاوەڕوانە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتوووکان و هێزی هاوپەیمانان “ناتۆ” بۆ ماوەیەکی زۆر لە عێراقدا بمێننەوە.
ناوبراو گوتی: “ئامانج لە مانەوەمان شەڕ لە گەڵ تیرۆریسم و گرووپە توندڕەوەکان و هەروەها ڕاوەستانی هێژموونی ئێران لە عێراق و سووریە دایە.
ناوبراو هەروەها گوتی: “واشینگتۆن بۆ کەم کردنەوەی هێزەکانی بۆ٣٥٠٠ سەرباز لە گەڵ بەرپرسانی عێراقی لە وتووێژدایە.”
سەرەڕای قسەکانی “دۆناڵد ترامپ” سەرۆککۆماری ئامریکا کە گوتبووی: “هەوڵ دەدا کە هەزار سەربازی ئەمریکایی لە سووریە بێنێتە دەرەوە، بەڵام هێزە ئەمریکاییەکان هەر لە سووریە جێگیرن و قسەکانی ترامپ لەم بارەیەوە نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە.”
سەرۆککۆماری ئامریکا گوتبووی:” ٥٠٠ سەربازی ئامریکایی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە بە مەبەستی هاوکاریکردنی کوردەکان بۆ شەڕ لە گەڵ پاشماوەی داعش دەمێننەوە.”












