كۆمیته‌ی مافه‌كانی مرۆڤی كۆڕی گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به په‌سند كردنی بڕیارنامه‌یه‌ك نیگه‌رانیی قووڵی خۆی له بابه‌ت پێشێل كردنی مافه‌كانی مرۆڤ له لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه ده‌ربڕیوه.
ئه‌م بڕیارنامه‌یه هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ی له سه‌ركوت كردنی چالاكانی مه‌ده‌نی، ڕۆژنامه‌نووسان و دژبه‌رانی ڕێژیم و به‌رز بوونه‌وه‌ی به‌رچاوی ڕێژه‌ی ئێعدامه‌كان له ئێران گرتووه.
ئه‌م بڕیارنامه‌یه كه له لایه‌ن وڵاتی كانادا ئاماده كرابوو، ڕاده‌ستی كۆمیته‌ی سێهه‌می كۆڕی گشتیی كراوه كه بڕیاره له لایه‌ن ١٩٣ ئه‌ندامی ئه‌م كۆڕه‌وه بێته به‌ر باس و تاوتوی بكرێ.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته، ئه‌م بڕیارنامه‌یه به ده‌نگی به‌ڵێی ٧٦ وڵات، ده‌نگی بێ لایه‌نی ٦٨ وڵات و به ٣٥ ده‌نگی دژبه‌ره‌وه په‌سند كراوه. وڵاتانی ئورووپایی و ئامریكایی پشتیوانی‌یان له‌م بڕیارنامه‌یه كردووه، له به‌رامبه‌ردا وڵاتانی ڕووسیه، چین و سووریه له نموونه‌ی ئه‌م وڵاتانه بوون كه به‌دژی ئه‌م بڕیارنامه‌یه وه‌ستاون.
ئه‌م بڕیارنامه‌یه داوای له ئێران كردووه تا كۆتایی به به‌ربه‌سته به‌ربڵاو و جیدییه‌كانی خۆی له بواری ئازادی ڕاده‌ربڕین و مافی به‌ڕێوه‌به‌ردنی كۆبوونه‌وه هێمنانه و ئاشتیخوازانه‌كان بێنێ. ئه‌م بڕیارنامه‌یه هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ئازار و ئه‌شكه‌نجه، تۆقاندن و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی چالاكانی مه‌ده‌نی، ڕۆژنامه‌نووسان و دژبه‌ران له لایه‌ن ڕێژیمی ئێرانه‌وه هه‌روا به‌رده‌وامه.
ئاماده‌كارانی ئه‌م بڕیارنامه‌یه له به‌شێكی دیكه‌دا نیگه‌رانیی خۆیان له بابه‌ت به‌رز بوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ئێعدامه‌كان له ئێران ده‌ربڕیوه. له‌م بڕیارنامه‌یه‌دا هه‌روه‌ها ڕه‌خنه له ئێعدام كرانی ئه‌م كه‌سانه گیراوه كه له كاتی ده‌ستبه‌سه‌ر كرانیاندا ته‌مه‌نیان ژێر ١٨ ساڵ بووه.