هاوکات لەگەڵ دڕێژەکێشانی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسو سەرنووسەری وێبسایتی ڕوانگە لە شاری مەهاباد، ٨٠ چالاکی مەدەنی داوای ئازاد کرانی “حەسەن شێخ ئاغایی”یان کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر ماڵپەڕی پەیامنێرانی بێسنوور بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە هەڵگری ناوی کۆمەڵێکی بەرچاو لە کەسایەتیی سیاسیی، چالاکانی مەدەنی، پزیشکان، پارێزەرانو ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژەی بەوەی کە هێشتا هۆکاری گیرانی شێخ ئاغایی ناڕوونە، هیوایان خواستوە کە گیرانی ناوبراو بە هۆی هەڵە تێگەشتنێک بووبێو بە زووترین کات ئازاد بکرێ. هاوکات ئەو ٨٠ کەسەی کە ئیمزای خۆیان لە ژێر بەیاننامەکە داوە، هیوایان خواستوە کە ڕوانگە سەر لە نوێ دەست بە چالاکییەکانی خۆی بکاتەوەو لەو بڕوایە دا بوون کە ماڵپەڕی ڕوانگە لە ماوەی کارکردنیدا ڕێبازێکی میانەڕۆی گرتووەتە پێشو هیچ کات لە یاساو ڕێساکانی وڵات لای نەداوە. بە بڕوای ئەو کەسانە ڕوانگە لە ماوەی کارکردنیدا هەرچەندە ڕێبازێکی ڕخنەگرانەی گرتبووە بەر، بەلام هاوکات هەموو کات هەوڵی داوە کە بێ لایەنیی خۆی لە کێشەکانی ناوچەکە دا بپارێزێ.
لە کۆتایی ئەو بەیاننەمەیەدا ئەو ٨٠ چالاکو کەسایەتییە کۆمەڵایەتیو سیاسییانە لەو بڕوایە دان کە ماڵپەڕی ڕوانگەو سەرنووسەرەکەی جێگەی ڕێزلێنان و قەدرزانینو، بۆ ئەوە نابن کە بەو شێوەیە هەڵسووکەوتیان لەگەڵدا بکرێ و هەر لەو سۆنگەیەوە خوازیاری ئەوە بوون کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسدا، کەشو هەوایەکی گونجاو و لە بار بۆ چالاکیی ئەو جۆرە ئامرازو دەنگە میانەرەوانە بێتە ئاراوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی ١٥ی مانگی ڕابردوو بە فەرمانی سەرۆکی دادسەرای ئینقلابی شاری مەهاباد، حسێن شێخ ئاغایی، سەرنووسەری ماڵپەڕی ڕوانگە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراو هاوکات ماڵپەڕەکە بە حوکمی دادگا داخرا. ماڵپەڕی ڕوانگە پێگەیەکی ئینتێرنێتی سەربەخۆ بوو کە بنکەی سەرەکی لە شاری مەهاباد بوو. ئەو ماڵپەڕە بە دوو زمانی کوردیو فارسی بابەتەکانی بڵاو دەکردەوەو ئامانجی سەرەکیی ئاوڕ دانەوەبوو لە کێشەو گرفتەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان.