نزیک بە یەک مانگ لەوەپێش، مێرمنداڵێکی ١٢ ساڵان بە ناوی ” هاوڕی قادر شوان ” لە گەڕەکی تاچیناوێی شاری شنۆ خۆی هەڵواسی و کۆتایی به ژیانی هێنا. ئەگەر چی دەڵێن داوای پووڵ لەلایەن مەدرەسە و نەبوونی و دەسکورتی بنەماڵەکەی، یان چاولێکردن و لاسایی کردنەوەی هەندێ فیلم بووە هۆکاری خۆکوشتنی “هاوڕێ”، بەڵام هۆکارهکه ههرچی بێ، جێی مشتومڕی ئەم بابەتە نیە و گرینگ بیر لە خۆکوشتن و خۆکوشتنی مێرمنداڵێکی کلاس شەشی سەرەتایی لە شارێکی بچووک وەک شنۆیە. ئەوەش با بمێنێ کە بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە سەرەتای ئەوساڵەوە ئەوەی کە تا ئێستا ئاشکرا بووە زیاتر لە ٥٠ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتووە.
وەک باس کرا هۆکارەکان جێی مشتومڕ و لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتە نین و هێندەش تێکەڵ پێكەڵ و شاراوە نین کە زانینیان ئەستەم بێ، بەڵام ئەوەی کە جێی باسە ئەوەیە کە ئەم رووداوە کارەساتبارە جگە لە ئێران و بەتایبەت کوردستان لە هەر وڵاتێکی پێشکەوتووی ئهم دنیایە روویدابا، نە تەنیا شۆکێکی جەرگبڕ لە خەڵک و دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی دەدا، بێگومان دەبووە هۆی ئاڵوگۆڕ و بیرێکی تازە لە بارودۆخی خەڵکی وڵاتەکە. بەڵام لە ئێراندا، نە دەسەڵاتداران و بەرپرسان مێشێکیان لێ میوانە و نە خەڵکەکەش پێشەنگێکی وایان پێ شک دێ کە وەجووڵەیان خات و خەمێ لە حاڵی کۆمەڵگاکەیان بخۆن.
هەواڵی خۆکوژیە بەردەوامەکان و هەژاری و نەداری و بێکاری لاوان و کوشتنی کۆڵبهران و کاسبکارانی سهر سنوورهکان و تووشبوون بە خراپترین جۆری مادەسڕکەرەکان و دەیان دەردی گرانی خەڵک لە کوردستان و سەرنجام رووخانی هەموو بایەخە کۆمەڵایەتیەکان، هەواڵگەلێکن کە رۆژ نیە نەبیسرێ، بەجۆرێک کە خەریکە لە کۆمەڵگادا دەبێتە هەواڵگەلێکی ئاسایی و رەنگە پاش چەند رۆژان لە بیر بچنەوە.
بێگومان لە هەر وڵاتێکدا کە وەها کێشەگەلێکی تێدا بووبێت یان هەبێت، دوو لایەن بەرپرسیارن و دەبێ هەوڵ بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە بدەن. یەکەم لایەن و سەرەکیترین لایەن دسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی ئەو وڵاتەن و دووهەم چالاکان و رێکخەران و پێشەنگانی کۆمەڵگای مەدەنی لەو وڵاتە.
باس لە کۆماری ئیسلامی شتێکی سەیر نیە چونکە لە ئێراندا ئاشکرایە کە کێشە و گیروگرفتەکانی خەڵک نەتەنیا بەلای دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیەوە گرینگ نین، کەچی زۆربەی هەرەزۆری کێشەکان لەلایەن خودی بەرپرسانی ئەم رێژیمەوە پیلانی بۆ دادەڕێژرێ. بەڵام ئەوەی کە لەم بابەتەدا جێی سەرنجە رادەی هەست بە بەرپرسیارەتی و هەوڵدان بۆ وشیارکردنەو رێک خستنی خەڵکە لە لایەن چینێک کە خۆیان بە چالاکانی مەدەنی لە کوردستان دەزانن.
ئەگەر ئاوڕێک لە کاروکردەوەی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان دەدەیتەوە جگە لە چەند کەسانێک کە هەنگاوی گەورەیان بۆ وشیار کردنەوەی خەڵک هەڵێناوەتەوە و تێچووی قورسیشیان بۆ داوە، بەشی هەرەزۆری چالاکانی مەدەنی تا ئێستاش بە دەس دەرێکەوە گیریان کردوە کە رەنگە هەر بۆخۆیان لە ئاستێکی گەورەتردا رەخنەگری ئەو دەردە بن، ئەویش دەردی وێک هەڵنەکردن و لەوەش کوشندەتر هەوڵی ناوزڕاندن و لە خۆڕا تۆمەتبار کردنی یەکترە. پێویستە ئەوەش بوترێ کە خودی دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیش بۆ خۆیان لەم بارەوە بە شێوەی پلان بۆ داڕێژراو هەوڵی بەدناوکردن و ناوزڕاندنی چالاکانی مەدەنی دەدەن. بەڵام کوشندەتر ئەوەیە کە هەندێ لە چالاکانی مەدەنی خۆیان بەدەستی خۆیان لە هەمان داو دەکەون کە کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی دەزگا ئەمنیەتیەکانی دەینێنەوە.
کێشەی دیکە ئەوەیە کە زۆربەی هەرەزۆری چالاکانی مەدەنی لە کوردستان لە بەرانبەر گیروگرفتەکانی کۆمەڵگادا بێ دەنگ و بێ تەوفیرن، ئەگەریش شتێک روودەدا لە جیاتی ئەوەی رووی رەخنەی جیددییان کۆماری ئیسلامی بێ، دەکەونە لۆمەی خەڵکی خۆیان و بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوڵی دامرکانەوەی خەڵک دەدەن و لە ئەنجامدا دەسکەوتەکان بۆ خەڵک دەبێتە سیفر و تێچووەکان دەبێتە ههزار. بۆ وێنە کوا وەدەنگ هاتنی چالاکانی مەدەنی لە ئاست گوێ نەدانی حاکمیەت بە گوێ نەدان بە خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی؟!، کوا داوای چارەسەرکردنی کێشەی کوژرانی کۆڵبەرانی سەر سنوور بۆ وەدەست هێنانی پاروە نانێک؟!، کوا داوای لێکۆڵینەوە لە خۆکوژیی منداڵێکی ١٢ ساڵان لە دوو کۆڵان ئەولاترمانەوە…؟!
رەخنەیەکی دیکە کە له زۆربەی چالاکانی مەدەنی هەیە ئەوەیە کە، لە بەرانبەر هەموو کێشەکانی کۆمەڵگادا بێدەنگن تا دەگاتە کاتی هەڵبژاردنەکان، ئێستا کە کەمتر لە سێ مانگمان تا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ماوە بێگومان زۆرێک لەو کێشانە بە هەر هۆیەک بووبێت دەخرێتە بەرباس بەڵام ئەی کوا ئەو وەعدە و بەڵێنانەی کە لە کاتێکی وەهادا بە خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دەدرێ. ئایا نابێ دواتریش بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانە بکرێ.
لە کۆتاییدا جێی خۆیەتی بکوترێ لە ئێستادا پێویستیی کۆمەڵگای کوردستان ئەوەیە کە چالاکان و پێشەنگانی چالاکی مەدەنی لە کوردستان بە تیشک خستنە سەر ئەو چەند خاڵەی کە باس کرا زیاتر لە جاران بۆ بەهێزکردن و رێکخستنی کۆمەڵگا و لە ئەمجامدا فشار خستنە سەر دەسەڵات بۆ ملراکێشان بۆ داواکانی خەڵک هەوڵ بدەن .