بنیاتی ماڵیی نێودەوڵەتیی واشنگتۆن دەڵێ ئێران لە ساڵی داهاتوودا لە نیو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستو ئەفریقای باشووردا زۆرترین گەشەی ئابووریی دەبێ.
بنیاتی ماڵیی نێودەوڵەتیی واشنگتۆن (IIF) پێشبینیی ئەوەی کردوە کە ئێران لە ساڵی داهاتووی زایینیدا بێتوو گەمارۆ ئابوورییەکانی لەسەر نەمێنن، زۆرترین گەشەی ئابووریی دەبێ. ئەو بنیاتە ماڵییە دەڵێ گەشەی ئابووریی ئێران لە ئەگەری نەمانی گەمارۆ ئابوورییەکانو بەربەستەکانی بەردەم بازرگانیی ئێران سەدی ٦ دەبێ کە لە نرخی گەشەی هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەراستو باکووری ئەفریقا زیاترە.
بەرپرسی بەشی ئەفریقاو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بنیاتی ماڵیی (IIF) دەڵێ ئێران لە ئێستاشدا کە هەندێ گەمارۆکانی لەسەر سووک کراوە تا ڕادەیەک گەشە ئابوورییەکەی بەرچاوە. بەپێی داتاکانی ئەو بنیاتە ماڵییە بێتوو هەڵپەساردنی گەمارۆکانی سەر ئێران گەڕانەوەی کۆمپانیا نەوتییەکانی دنیای بۆ ئێران بە دوودا بێ، ئەو وڵاتە دەتوانێ لە ماوەی ٦ مانگدا ئاستی هەناردەی خۆی بگەیەنێتە کاتی پێش گەمارۆکان. بەوەش نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوودا نەک زیاتر نابێ، بەڵکوو بە ئەگەری زۆر لە ئی ئێستاش کەمتر ببێ.
نرخی هەر بۆشکە نەوت ساڵی ٢٠١٤ زیاتر لە ١١٠ دۆلار بوو، بەڵام ئیستا گەیوەتە کەمتر لە ٤٥ دۆلارو کارناسانی نەوت دەڵێن لە ئەگەری گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕ دوای هەڵگیرانی گەمارۆکان، بە ئەگەری زۆر لەوەندەش زیاتر دابەزێ.