محەممەد عەبدوڵلاهی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام کە لە کاتی گیرانیدا گوللە بەر شانی کەوتبوو، سەرەڕای دۆخی نالەباری جەستەییو توشبوونی بە نەخۆشیی فەقەرات بەڕێی ناوەندە دەرمانییەکان ناکرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران سەرەڕای داوای بەردەوامی ئەو زیندانییە سیاسییەو پێویستیی زۆری بە دەرمانو چارەسەر، بەڵام بە بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان لەو مافە بێبەش کراوە.
محەممەد عەبدوڵلاهی ساڵی ٨٩ گیراو لە کاتی گیرانیدا چەند گوللە بەر شانو لاقی کەوتبوونو لاقی شکابوو، ئێستاش دوای ٥ ساڵ بەهۆی چارەسەرنەکرانی لە کاتی خۆیدا نەخۆشییەکەی هەڵەسوونی هێناوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان دەڵێن چونکی ناوبراو حوکمی ئێعدامی دراوەتێ، بەڕێی نەخۆشخانە لە دەرەوەی زیندانی ناکەن، ئەوەش لە حاڵێکدا کە دۆخی جەستەیی ئەوەندە نالەباتە کە هاوبەندییەکانی دەیخەنە نێو پەتۆ و ئەملا و ئەولای پێدەکەن.
محەممەد عەبدوڵلاهی، لە رەشەممەی ساڵی ٨٩ دەسبەسەرو لە دادگا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دادگاییو سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاو؛ ئێستا ماوەی 5 ساڵە مەترسیی لەداردرانی لەسەرە.
جێی باسە کە محەممەدئەمین عەبدوڵلاهی، برای ئەو زیندانییە بەندییە سیاسییە کوردەیە کە ئەویش بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی بەند کراوەو لەم دواییانەدا بۆ زیندانی بیرجەند گواستراوەتەوە.