ئەمریکا لە پێشنووسێکی نوێدا، ڕێکەوتننامەی درێژکردنەوەی گەمارۆی قەدەغەکردنی کڕین و فرۆشتنی چەک لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕادەستی ئەندامانی شۆڕای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، بە پێی ئەم پێشنوووسە نوێیەی ئەمریکا بۆ گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کاتێک دیاری دەکرێ کە ئەندامانی شۆڕای ئاسایش لەو بارەوە بڕیار بدەن.
ئەو پێشنووسە ئاماژە بەوە دەکا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەترسییەکی کارەساتبار و کوشندەیە لە ناوچەکە و جیهان و هەرچی خێراتر دەبێ دەستی ئەو ڕێژیمە کورت بکرێتەوە. ڕۆیتێرز لە سەر زاری دیپلۆماتەکانی ئەمریکاوە ڕایگەیاندوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە ئەندامانی شۆڕای ئاسایش کردوە کە تا سەر لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە وڵام و بۆچوونی خۆیان لەو پێوەندییەدا ڕابگەیەنن. هەرچەن دەگوترێ کە دیار نییە کە ئەو پێشنووسە لە ١٥ دەنگی ئەندامان، ٩ دەنگ وەدەست دێنێ یان نا.
هەروەها دەگوترێ کە بە ئەگەری زۆر، ئەمریکا ناتوانێ لەگەڵ ڕووسیە و چین ڕێک بکەوێ تاکوو ئەو دوو وڵاتە لە مافی ڤێتۆی خۆیان کەلک وەر نەگرن و بە قازانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەجووڵێنەوە.
بە هۆی ڕێککەوتنی ناوکیی کۆماری ئیسلامی، گەمارۆکانی بەشی چەک و چۆڵی ئەو ڕێژیمە دوای ١٣ ساڵ، لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا کۆتایی پێ دێ. لەو لاشەوە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەدا هاتوەتە دەرەوە، دەیهەوێ گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر قەدەغەکردنی کڕین و فرۆشتنی چەک و چۆڵ لەسەر ئەو ڕێژیمە درێژتر بکاتەوە.












