“غوڵام حوسێن ئیسماعیلی”، وتەبێژی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی گوتی: “نوێنەرێکی پێشووی پارلمان لە سەر کەیسی بەرتیلی ٦٥ میلیارد تمەنیی قاڵیباف دەستبەسەر کراوە”.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢١ـی گەلاوێژ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانییدا، ئاماژەی بە ناوی نوێنەرەکە و پێوەندیی لەگەڵ ئەو کەیسە نەکرد.
“مستەفا میرسەلیم”، نوێنەری تاران بۆ یەکەمین جار ٦ـی جۆزەردان ئەم بابەتەی هێنایە بەر باس و ٢٠ـی پووشپەڕ گوتی کە ئەم بەرتیلە ٦٥ میلیاردییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە قاڵیباف بەرپرسی شارەوانیی تاران بووە.
میرسەلیم پێشتر لە پارلماندا گوتبووی، وەرگرتنی بەرتیلی ٦٥ میلیارد تمەنی، تایبەت بەو کاتەیە کە قاڵیباف شارەداری تاران بووە و پارلمان هەموو هەوڵی خوی داوە ئەو کات لە شارەوانی لێکۆڵینەوە بکرێ، بەڵام کەسانی پشتی پەردە نەیانویستوە ئەم کارە بکرێ.
لێکۆڵینەوە لەم کەیسە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەشەمەی ساڵی٩٥ـی هەتاوی کە بڕیار بوو لە سەر کەیسی گەندەڵیی شارەوانیی تاران لێکۆڵینەوە بکرێ.
شایانی باسە کە دزی و گەندەڵیی بەرپرسان لە ئێراندا نەهادینە بووە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بە تاڵان دەبەن.