سکرتێری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان، “سوبحی توفەیلی” دەڵێ: “کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان هۆکاری سەرەکین بۆ وێرانکردنی لوبنان و ناوچەکە”.
بە دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت “سوبحی توفەیلی”، سکرتێری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هۆکاری سەرەکیی وێران بوونی بەیرووت دەزانێ و لەم بارەوە گوتی: “حەسەن نەسروڵڵا و ئەو گرووپ و میلیشیایانەی وا لەژێر کاریگەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیراندان، بوونەتە هۆی داڕمان و وێرانیی بەیرووت کە لە ئاکامدا بە هەزاران کەس ئاوارە و بریندار و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش گیانیان لە دەست داوە.
توفەیلی، کە بە هۆی جیاوازیی بۆچوونی لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، ساڵانێکە کە لە کارکردن و ئەندامەتیی ئەو حیزبە کشاوەتەوە، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردەوە کە لوبنان لە دەستی دزان و خائیناندایە و حیزبوڵڵا زۆر زیاتر لە سەرکۆمار، سەرۆکوەزیر و بەڕێوەبەری مەجلیس، بەهێزتر بووە و هەر ئەویش وەک تاوانباری سەرەکیی ئەو کارەساتەیە.
ناوبراو گوتی: “لە ساڵی ٢٠٠٠ی زایینییەوە حیزبوڵڵا کە کەوتە ژێر کاریگەری و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیدی ئەو وەک چەکی بەرگریی لە بەرامبەر ئیسڕائیلدا بە ئەژمار نایە و بەڵکوو ئەو چەکە سووریەی وێران کرد، ئەو چەکە عێراقی تەفروتوونا کرد، ئەو چەکە یەمەنی بەرەو وێرانی برد و لوبنانی وێران کرد، ئەو چەکە بەیرووتی هەڵتەکاند.”
ناوبراو، حەسەن نەسڕوڵڵای بە دەستنیشانکراوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناساند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کەسە بە ڕواڵەت لوبنانییە و لە وڵاتەکەماندا حکوومەت دەکا، بەڵام لە پشتی عەلی خامنەییە و گوێی داوەتە بڕیارەکانی ئەو، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سیاسەتە ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەدا بۆتە هۆی نانەوەی شەڕ و ئاژاوە و دووبەرەکی لە جیهانی ئیسلامدا.












