لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە ئێران٢٠٠هەزار كەس لە پێوەندی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەكاندا گیراون.
عەلیڕەزا جەزینی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ستادی بەربەرەكانیی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەكان ڕایگەیاندووە كە لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار كەس لە سەر ماددەی هۆشبەر گیراون. وهک ناوبراو باسی دهکا سەدی ٧٠ی ئەم كەسانە قاچاغچیی مادە هۆشبەرەكان بوون.
جەزینی هەروەها دهڵێ لە ١١ ساڵی ڕابردوودا ٣ میلیۆنو ٥٠٠ هەزار كەس بەهۆی ماددە سڕكەرەكانەوە گیراون..
ناوبراو وێڕای ئاماژە بە بەرز بوونەوەی نرخی مادەی هۆشبەری شیشە لە كیلۆی ٢٠ میلیۆن تمەنەوە بۆ ٦٠ تا ٨٠ میلیۆن تمەن، قازانجی زۆرو زەوەندی كڕین و فرۆشتنی ئەم ماددانەی بە هۆکارو ئەنگیزەی سهرهکیی بهردهوامیی قاچاغچییەكان لەم بوارەدا ڕاگەیاندووە.
جەزینی پێداگری كردووە كە لە ڕەوتی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەكاندا، پێویستە مەسەلەی پێشگیری كردن وەك مەسەلەیەكی زۆر گرینگ لە دەستووری كاردا وەبەر چاو بگیردرێ.
كاربەدەستانی دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامی دهڵێن زۆربەی ئێعدامەكان لە ئێران، پێوەندییان بە ماددەی هۆشبەرەوە هەیە، بەڵام سەرباقی ئەوەش قاچاغی ماددەی هۆشبەر و ئاماری تووش بوون بەم ماددە كاولكەرانە هەروا ڕوو لە زیاد بوونە.