ئاماری تووشبوان و گیان لەدەستچووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران لە دۆخێکی مەترسیدار دایە.
ڕۆژانە لە ئێران نزیک بە ٢٠٠ کەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیان لەدەست دەدەن و هەموو ڕۆژێک زیاتر لە ٢ هەزار کەس بە ئاماری تووشبووانی وەزارەتی تەندروستییەوە زیاد دەبێ کە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم هەموو ڕۆژێک لە هەواڵ و ڕاگەیەندراوی خۆیدا باسی دەکا.
دۆخی زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نالەبارە و زۆر جاریش دۆخی سوور ڕادەگەیەندرێ و ڕێژیم لەو پێوەندییەدا هیچ هەوڵێکی نەداوە.
بە پێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، تا ئێستا زیاتر لە ١٨ هەزار کەس لە ئێران بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٣٢٨ هەزار کەسیش تووشی پەتای کۆرۆنا بوونە.
هەرچەند کاری ئەو ڕێژیمە گەندەڵ و چەواشەکارە گەیشتوەتە جێگایەک کە تەنانەت کاربەدەستانی خۆشی متمانەیان بە ئامار و ژمارە و ڕاگەیەندراوەکانیان نییە و دەڵێن ئاماری تووشبووان و گیان لەدەستچووان کە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم باسی دەکا، یەک لە ٢٠ـی ئامارە دروستەکانە.
شایانی باسە کە هەر لەو پێوەندییەدا دوێنێ ٢٠ی گەلاوێژ ڕۆژنامەی جیهانی سەنعەت کە وتووێژێکی لەبارەی ئاماری درۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کردەوە داخرا.