“کێلی کرێفت”، باڵوێزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: “چین و ڕووسیە چاوەڕێن گەمارۆی چەک و تەقەمەنی لە سەر ئێران تەواو بێ و چەک و تەقەمەنییەکانی خۆیان بە ئێران بفرۆشن.”
“کرێفت” ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژێکدا گوتی: “هەڵبژاردنەکان دیارن جیهان لە نێوان ئاشتی و ئەمنییەت یان پشتیوانی لە تیرۆریسم دەبێ یەکیان هەڵبژێرێ”.
نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هەروەها گوتی: “ئامریکا سوورە لە سەر گەمارۆی چەک و تەقەمەنی سەر ئێران، هەروەها هۆشداری دا ئەگەر ئێران بتوانێ چەکوچوڵ بکڕێ، دەتوانێ نوێترین چەکوچۆڵی ڕووسی و چینی بکڕێ و بیدا بە گرووپە تێرۆریستییەکان لە هەموو دنیادا.
کرێفت بە ئاماژە بە وەی کە ئێران چەکوچۆڵ بۆ حوسییەکانی یەمەن، دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریە، میلیشیا شیعەکانی عێراق و هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان دابین دەکا، گوتی: “ڕێگایەک نییە بێجگە لەوەی کە گەماروکانی چەکوچۆڵی سەر ئێران درێژ بکەنەوە.”












