هاوکات لەگەڵ مانگرتن و دەست لەکار کێشانەوەی کرێکارانی ئێران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی پەرستار و کادری دەرمانیی نەخۆشخانەکان لە چەند پارێزگای ئێران دەستیپێکرد.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، پەرستارەکانی نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی، خووزستان، کرمان و ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر پێنەدانی مووچە و هەقدەستەکانیان و هەروەها زۆربوونی سەعاتی کارکردن لە بەردەم پارێزگارەکان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
شایانی باسە کە بەشێک لە پەرستاران و کادری دەرمانیی ناڕازی، چەند پلاکارتێکیان لە دەستدا بووە کە لە سەریان نووسرابوو: “لە دژوارترین ساتەکان و تەشەنەسەندنی کۆرۆنا بەبێ ئەمنییەتی کاری و بە بێ پشتیوانی تەندروستی، خۆمان خستوەتە مەترسییەوە و خۆمان فیدا کردوە، ئایا ئەوە دادپەروەرییە؟”
جێگەی ئاماژەیە کە بەشێک لەو پەرستارانە کە لە نەخۆشخانەکان لە بەشی کۆرۆنا کار دەکەن ئەو کەسانەن کە لە لایەن شیرکەتەکانەوە لە نەخۆشخانە دامەزراون و بەرپرسانی شیرکەت جیا لەوەی کە هەقدەستەکانیان پێنەداون، هەقی زیادەکاری و بیمەی تەواو بەو پرستارانە نادەن کە مانگانە زیاتر لە ٥٠ کاتژمێر زیاتر لە کاتی خۆیان بە ناچاری کار دەکەن.
پەرستاران خوازیار بوون کە پەرستارانی کاتی بە فەرمی دابمەزرێن و هەروەها ئەمنییەتی کاری و پێدانی هەقدەستە دواکەوتووەکانیان پێبدەن.
شایانی باسە کە ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەستێنێ و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک بە گشتی و بە تایبەت کرێکاران و چینی هەژار بەرەو کارەسات دەچێ.