کۆڵبەرێکی تازەلاوی خەڵکی مەریوان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوو.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی تازەلاوی خەڵکی مەریوان بە ناوی “ئارمین ئەحمەدی” تەمەن ١٧ ساڵ لە سنووری شاری مەریوان لە کاتی کۆڵبەریدا، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار بوو.
بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هێزە چەکدارەکان دوای بریندار کردنی ئەو کۆڵبەرەیان لە سنووری “مەرانە” جێهێشتوە.
جێی ئاماژەیە ئەو کۆڵبەرە لە لایەن خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ چارەسەری دەرمانی ڕەوانەی نەخۆشخانەی “بووعەلی مەریوان” کراوە.
جێی بیر هێنانەوەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاویژی ٩٩ی هەتاوی مێرمنداڵێکی تری کاسبکاری تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی “موبین حوسێنی” خەڵکی گوندی “دووریسان” لە سنووری نەوسوود کەوتە بەر هێرشی بێبەزەییانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی و بە سەختی بریندار بوو، دواتر بە مەبەستی چارەسەری گواسترابۆوە نەخۆشخانەیەکی شاری پاوە.
شایانی باسە، بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکان لەبەر نەبوونیی کار و دۆخی خراپی ژیانیان بە ناچاری ڕوویان کردوەتە کۆڵبەری و لەو ڕێگەیەشدا دەکەونە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و گیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن.