*
له چاو و زه‌ینی منداڵدا هه‌موو شتێک ئه‌فسووناوییه: مزگه‌وتی نه‌ڵۆسه، شه‌وی نه‌ورۆزی ١٣٦١. خه‌ڵکێكی زۆر پاڵیان وێک داوه. به دیواری پشت سه‌رمانه‌وه وێنه‌ی پێشه‌وا قازی، مه‌لا ئاوارە، قادر وێردی و قادر شەریف وه‌ك ئه‌رواحی زیندوو لێمان ده‌ڕوانن. هۆڵه‌كه به گرفه‌ی زالکی سۆبه‌ی داران و هه‌نیسکی فانۆس و گڕی چراتۆڕهکانهوه رووناک بۆته‌وه. بۆنی خۆشی ته‌ندووره‌کانی دێ که ته‌واوی رۆژ بابۆڵه‌ی نان و ههڵوایان بۆ پێشمه‌رگه کردووه، هه‌وای نێو مزگه‌وتیشی داگرتووه.
ئه‌من و چه‌ند منداڵی دیکه سروودێکمان پێ ده‌ڵێنه‌وه: “پێشکه‌وه، بۆ پێشه‌وه، ئه‌ی کوردی ئازا”. پیاوێکی عهینهکیی دەمانچەلەقەد -له ته‌مه‌نی ئێستای خۆمدا- جه‌مه‌دانی له‌سه‌ر و کهواپاتۆڵێکی مه‌یله‌و سپی له‌به‌ر، هه‌ڵده‌ستێته سه‌رپێ بۆوه‌ی قسه بکا. خه‌ڵکه‌که یه‌كتر ده‌نگ ده‌ده‌ن هه‌تا گوێ بۆ قسەکانی وتاربێژه‌که‌ی ده‌می ناشتنی عه‌زیزی یووسفی و یەکێک لە ناسراوترین سیماکانی پشت میکڕۆفۆنی میتینگەکانی حیزبی دێموکڕات لەپاش ئینقلاب رادێرن. کاتێك بێده‌نگی باڵ به‌سه‌ر ئاپۆراکهدا ده‌کێشێ، ئه‌و پیاوه سه‌ره‌تا به‌دوور له چاوه‌ڕوانیی خەڵک و به‌شێوه‌ی “ئاکاپێلا” (به‌بێ مۆسیقا) سروودێک ده‌ڵێ؛ سروودی نه‌ورۆز. چریکه‌یه‌کی تیژ و لوولدراو له ده‌نگیدا هەیە.
که ده‌گاته ئه‌و شوێنه که ده‌ڵێ “وا رۆژ هه‌ڵات له به‌نده‌نی به‌رزی وڵاته‌وه، خوێنی شه‌هیده ڕه‌نگی شه‌فه‌ق شه‌وق ئه‌داته‌وه”، هه‌ست ده‌كه‌م ده‌نگی ئه‌و پیاوه وه‌ک تیشکی سپیی چراتۆڕهکان ده‌چێ. ساته‌وه‌خته‌که وه‌ك دیمه‌نێکی سینه‌مایی خه‌یاڵاوی و وه‌ک حیکایه‌تێکی دم ئاگردانی زستان به‌شكۆیه.
ئه‌و پیاوه جه‌لیلی گادانییە!
*
پێش ئه‌و شه‌وه‌ش کاک جه‌لیلم زۆر دیتبوو. له‌وه‌تی له‌بیرمه ئه‌و و باوکم و بنه‌ماڵه‌کانمان هه‌ر پێکه‌وه بوون. نه‌ڵۆسه ده‌فته‌ری سیاسیی ژماره (١)ی حیزبی لێ بوو. حیزب هه‌موو ئه‌و کوردانه بوون که له به‌رامبه‌ر هێرشی “عهجەمان”دا حازر بوون له‌سه‌ر یه‌كتر بکه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت بمرن. ئه‌گه‌ر چه‌کیان پێ با، پێشمه‌رگه بوون. کاتێکیش ده‌مردن، ده‌بوون به شه‌هید. به‌ڵام له‌وه زیاتر نه‌مده‌زانی ئه‌و داستانه لهچیڕا ده‌ستی پێ کردووه و بۆچی ئێمه هه‌ر ڕۆژه‌ی له شوێنێکین.
پێشتر له مه‌هاباد بووین. مه‌هابادم به‌حاڵ و باڵ له‌بیره: قه‌ناتی پێش ماڵه‌که‌مان له کانیی مامقهمبهران که ته‌په‌ی قازی و پادگانی گه‌وره‌ی شاری لێ دیار بوو، ته‌ق و تۆق و هه‌ڵاتنه ژێرزه‌مین و ناشتنی ئاڵبۆمه‌کانی به‌غدا پێش ئه‌وه‌ی شار به‌جێ بێڵین… “خومه‌ینی له‌تکه دێوه، قاسملوو له‌تکه سێوه”: ئه‌وه‌ش منداڵی گه‌ڕه‌ک به‌حیساب ته‌زاهوراتیان ده‌كرد! دوای ئه‌وه له‌م دێ بۆ ئه‌و دێ، زۆر شه‌و به سواری وڵاغ و ته‌نانه‌ت به ڕۆژ به پێیان به‌نێو مه‌یدانی شه‌ڕدا؛ دایکم مه‌چه‌کی توند ده‌گرتم و به هیچ به‌ری نه‌ده‌دا.
***
هه‌تا دوێنێ که نوقمی شۆک و ماته‌می رۆیشتنی یه‌کجاریی خۆی کردین، هه‌ر که‌س به مام جه‌لیل ناوی بردبا دەنگم دەدا، چونکه بۆ من وشه‌ی “مام” بۆ کەسێک کە مامی هەقت نیە ته‌عبیر له پیاوێکی پیر یا نه‌خوێنده‌وار ده‌کا. کاک جه‌لیل نه‌ک هه‌ر خوێنده‌وار و زانا بوو، له ڕوانگه‌ی منه‌وه هه‌تا سه‌ر به فکر و به کار لاو مایه‌وه. پاییزی ساڵی ١٩٩٧ کاتێک له پاریس له‌لای کاک عه‌زیزی ماملێ کاک جه‌لیل ئه‌منی به کاک ئیبراهیمی عه‌لیزاده ناساند، وه‌ک “لاوێكی به ئیحساس و بهئیستعداد” پێناسه‌ی کردم. گوتم کاک جه‌لیل ئه‌و وەسفە له ئه‌سڵدا بۆخۆت دانراوە. رۆژێک دواتر له مه‌له بهزاندمی. ئه‌من قه‌ت رۆژێک کاک جه‌لیلم به پیری نه‌دیت. ته‌نانه‌ت ده‌توانم بڵێم بۆ من وه‌ک جوانه‌مه‌رگ بووبێ وایه. ئه‌گه‌ر جوانه‌مه‌رگ بوون به مانای مه‌رگی لاوێکی ناکامه، ئه‌وا کاک جه‌لیل به هزر و وزه، به باوه‌ڕ و هیوا، بە ئیمان و ورە، له هه‌موومان لاوتر بوو. پێش ئه‌وه‌ش که به‌ری ره‌نجی هه‌شتا ساڵه‌ی خۆی بچنێته‌وه و به ئاواته‌کانی بگا، به‌جێی هێشتین.
پاش رۆیشتنی بنکه‌کانی ده‌فته‌ر له دۆڵی دێموکڕات، ماڵه‌کانی ئێمه له شیوه‌جۆ له شوێنیان نیشته‌جێ بوون. له‌بن ئه‌و دیواره‌ی دوکتور قاسملوو و ژماره‌یه‌ک له تێكۆشه‌رانی حیزبی دێموکڕات (لهنێوواندا شه‌هیدان حوسێن شه‌مامی و ڕه‌حیم قاڕنجی) وێنه‌یه‌کی به‌کۆمه‌ڵیان گرتووه، ئه‌منیش وێنه‌یه‌کم له‌گه‌ڵ کاک جه‌لیل و چه‌ند هاوڕێ و هاواڵی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌یه. له وێنه‌که ورد ده‌بمه‌وه. کوڕه‌که‌ی خۆی لهپهنایهتی، که‌چی ده‌ستی له‌سه‌ر شانی من داناوه (بابم له‌وێ نه‌بوو).
به‌خۆم ده‌ڵێم پێشمه‌رگه‌کان هه‌قیان بوو به کاک جه‌لیل بڵێن “مامه”.
*
سووڕی تازه‌ی دووره‌وڵاتی و درێژبوونه‌وه‌ی خه‌بات ده‌ستی پێ کرده‌وه. به‌هار گه‌ڵ و گه‌زۆی داوهریو له چڵ و چرۆی خۆی به هاوین ده‌سپارد کۆیان وه‌کا؛ زستانیش بۆوه‌ی غافڵگیر نه‌بین، خه‌به‌ری هاتنه‌وه‌ی خۆی به پاییزدا بۆ ده‌ناردین. گه‌وره‌دێ بوو به وێستگه‌ی سێهه‌می به‌سه‌رهاتی کاک جه‌لیل و ئێمه. ئه‌وجار ئیدی کاک جه‌لیل هه‌ر مامێکی ڕووخۆش نه‌بوو. خه‌مخۆری په‌روه‌رده‌شمان بوو. رۆژ هه‌بوو ده‌رگای له‌سه‌ر منداڵه‌کانی داده‌خست بۆ ئه‌وه‌ی کتێب بخوێننه‌وه. ئێمه‌شی به‌هه‌مان شێوه هان ده‌دا که بخوێنینه‌وه و شت فێر بین.
له‌و ساڵانه‌ش -وه‌ك له ساڵانی دوایی ژیانیدا- ئه‌وه‌ی زیاتر له زه‌ینمدا له کاک جه‌لیل به‌جێماوه، ده‌نگه نه‌رم به‌ڵام پڕ له تاقەتەکەی بوو که له رێگه‌یه‌وه هه‌میشه مێهرەبانانە لە حاڵتی دەپرسی و ده‌موده‌ست له به‌خشنده‌یی به‌رده‌وامی خۆی ئه‌رخه‌یانی ده‌کردیه‌وه. به‌خشنده له رێنوێنی، له مشوور، لە هاوکاری، له زانیاری و بیره‌وه‌ری. زۆر پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵک شایه‌تیدانی کاک جه‌لیل له‌باره‌ی کۆماری کوردستانه‌وه له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کان ببینێ، ئێمه راسته‌وخۆ لێمان بیستبوو. وه‌ک هه‌میشه‌ش که ده‌گه‌یشته له‌داردانی پێشه‌وا، گریان ئه‌وکی ده‌گرت.
*
له قه‌ندیل زۆر که‌م پێکه‌وه ماینه‌وه. پاش ده‌هه‌یه‌ک ده‌رکه‌وتن و دره‌وشانه‌وه له ریزی هه‌ره پێشه‌وه‌ی رێبه‌رانی حیزب، دوای کۆنگره‌ی هه‌شت -زۆر به‌جیددی و سادقانه- به‌رپرسایه‌تیی کۆڕی په‌روه‌رده و فێرکردنی حیزبی وه‌رگرت و راسته‌وخۆ بوو به به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که‌مان که ناوی له “شه‌هید فایق و شه‌هید چرچه”وه ببوو به “نیشتمان”.. پیاوی گه‌وره‌مان ناچێته ناو دڵ، تاکوو کۆچ نه‌کا و نه‌چێته ژێر گڵ: سی ساڵ دواتر، تازه سه‌رنج ده‌ده‌م به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که‌م هه‌مان خاوه‌نماڵی یه‌که‌مین قوتابخانه‌ی ئازادی کورد، قوتابخانه کوردییهكهی یه‌که‌مین کۆماری کورد، قوتابخانه‌ی گه‌لاوێژ، بووه. هەر ئەو مێرمنداڵەی ئەودەم ناوی لە رۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆمار‌دا هەیە.
به جێژنێکی دیکه‌ی نه‌ورۆز و یادکردنه‌وه له نه‌ورۆزه‌که‌ی مزگه‌وتی نه‌ڵۆسه رانهگهیشتین که کێشه‌ی هه‌میشه‌یی نێوماڵی کورد بۆ چه‌ند ساڵ کاک جه‌لیلی له‌به‌ر چاوان ون کردم. جاروبار له رادیۆیان گوێم له ده‌نگی ده‌بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که که‌شێکی گرژ و نه‌شیاو که‌وته نێوان دوو دێموکڕاتهکهی ئه‌وده‌م، سه‌رنجم دابوو ئه‌و له‌و دۆخه‌شدا دڵ‌پاکی و زمانخاوێنیی خۆی لەدەست نەدابوو.
***
کاتێک بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکڕات وه‌سه‌ریه‌ک که‌وته‌وه، له فهڕانسهڕا به سه‌فه‌ر گه‌ڕابوومه‌وه کوردستان و له کۆیه به دیداری کاک جه‌لیل شاد بوومه‌وه. ئه‌وجار زمان و به‌سه‌رهات و دۆسته فهڕانسهییهكانیش (به‌تایبه‌تی کریس کۆچێرا و ئه‌و پزیشکه فهڕانسهییانهی له‌کاتی خۆڕاگریی چه‌كدارانه‌دا به هانای حیزبه‌وه هاتبوون) پێکی ده‌به‌ستینه‌وه. له‌و دیمانه سهرلهنوێیهدا، ئه‌و پێداگرانه له خوێندنهکهمی ده‌پرسی و بۆ پله‌کانی دواتر هانی ده‌دام، که‌چی مێشکی من هه‌ر شریته‌که‌ی مزگه‌وتی نهڵۆسهی لێده‌دایه‌وه!
سرووده‌که‌ی نهڵۆسهمان لای من خۆشترین سروودی شۆڕشگێڕییه. له‌وێدا قانیع ده‌ڵێ :”بیری ئازادیم له زیندانا فراوانتر ئه‌بێ”. هاوینی ١٩٩٧ که له قه‌ڵای دێموکڕات چه‌ند مانگێک له به‌شی “ته‌حقیق و ته‌رجومه”ی حیزب له خزمه‌ت پیاوی به‌فه‌رهه‌نگ و ئه‌هلی نووسین و موتالعهدا بووم، کاک جه‌لیل بۆی گێڕامه‌وه که زۆر پێش خوێندنی له زانکۆی تاران له زیندانه‌کانی حه‌مه‌ڕه‌زاشادا خۆی فێری زمانی فه‌ڕانسه‌وی کردووه و ته‌نانه‌ت هه‌ر له زیندان کتێبێکیشی له فهڕانسهوییهوه وه‌رگێڕاوه. کتێبه‌که ڕۆمانێكی ژنه نووسه‌ری فه‌ڕانسه‌یی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک رووس، “کۆنتێس دوسێگوور”، بوو که گادانی له‌ژێر ناوی “اسیر فرشتهوش” کردبووی به فارسی.
جه‌لیل گادانی وه‌ک کاراکتێری نێو ئه‌م نۆڤڵه نزیک بە ده‌هه و نیوێکی به‌هاری ژیانی، دیلیی نێو زیندانه‌کانی چاشتبوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئازادهگییهکهی، ئه‌و تا له‌ژیاندا بوو ئه‌سیری ده‌ستی شتێکی دیکه بوو؛ ئەسیری ئینسانەتی، ئه‌سیری عیشقی ئازادی، ئه‌سیری ئه‌وینی گه‌له‌که‌ی، به‌چه‌شنێک که هه‌موو ژیانی بۆ یارمەتیدانی ئەوانی تر و بۆ خه‌بات له‌پێناو رزگاریی خاک و خه‌ڵکی خۆی ته‌رخان کرد، هەرگیز بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له هاوقهتاره بێنازه‌کانی دوور نه‌که‌وته‌وه و ده‌یویست هەمیشە وه‌ك وان و له‌گه‌ڵ وان بژی.
کاک جه‌لیل “ئه‌سیری فریشتهوهش”ی خوێندبۆوه، به‌ڵام باوه‌ڕ ناکه‌م ئه‌و ده‌رسه که ده‌کرێ ئه‌سیریش بی و دڕندهخووش نه‌بی، ئەو له‌و نووسه‌ره ئه‌شرافییه فهرهنگییەی فێر بووبێ. به‌ڵکوو ئه‌و خیسڵه‌ته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له وی‌دا هه‌بوو و به‌درێژایی ژیانی ئەوەی نیشاندابوو. چاکه‌کارییه‌کانی وی هه‌ر به گه‌نجی له مههابادڕا بگره تا سه‌رده‌می دامه‌زرانی ئه‌نجومه‌نی کورده‌کانی دانیشتووی تاران ده‌یسه‌لمێنن که ئه‌و به‌ر له به‌سه‌رهاتی شۆڕشگێڕانه‌شی له گۆشه‌ی زیندان یا له شاخه‌کانی کوردستان، نیشتمانپه‌روه‌رێکی بێئه‌نداز مرۆڤدۆست بوو.
*
شەڕی نەسلەکان لەلای کاک جەلیل وجوودی نەبوو. کاتێک بۆخۆم بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ به‌رپرسایه‌تیی دووه‌می حیزبم وه‌رگرت، له‌و شوێنه که ره‌نگه بۆ زۆر له خه‌باتگێڕانی نه‌سلی په‌نجا و هه‌شت ڕاهاتن له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تیی که‌سێکی لاوتر ئاسان نه‌بێ، سه‌روه‌ری به‌ڕێز هیچ حه‌وتوویه‌ک نه‌بوو له شوێنی کارم لە قەڵای دێموکڕات گه‌وره‌م نه‌کا و به مشوور و رێنوێنی و هاوکارییه‌کانی دڵگه‌رمم نه‌کا. هەمیشەش بیرۆکەی پڕۆژەیەک یا پێشنیاری توێژینەوە و وەرگێڕانێکی پێ بوو. ئەو ئه‌وه‌نده‌ی باوه‌ڕ به نه‌وه‌ی نوێ هەبوو که له کۆنگره‌ی حه‌ڤده‌ی حیزب له‌پشت میکرۆفۆن له کاتی ناوهێنانی مندا گریا و تکای کرد خۆمان کاندید بکه‌ینه‌وه…
قبووڵکردنی هەرچەندەش سەخت بێ، بە کۆچی دوایی به‌ڕاستی ناوه‌ختی کاک جه‌لیل گادانی، حیزبی دێموکڕات یه‌کێک له ره‌مزه هه‌ره ناسراوه‌کانی مێژووی خۆی له‌ده‌ست دا. نه‌مانی فیزیکیی کاک جه‌لیل له‌نێو کۆڕی تێکۆشه‌رانی دێموکڕات و بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان جارێکی دیکه هه‌ردوو حیزبی دێموکڕات ڕووبه‌ڕووی دڵەکوتەی جه‌بری ژیان و چوونه‌سه‌ری ته‌مه‌نی ئه‌و هێمایانه ده‌کاته‌وه که سه‌ره‌ڕای هه‌موو دابه‌شبوون و که‌موکوڕییه‌کان، لە سەرجەم قۆناغه مێژووییه‌کان و له هه‌موو مه‌یدانه‌کانی تێكۆشانی ئه‌و حیزبه‌دا له‌گه‌ڵ بوون، هێز و ئیراده و ئه‌زموون و ئیعتباریان به کاروانی خه‌باتی ئه‌و حیزبه به‌خشیوه، و له‌ئاستی کوردستان و ئێران و ده‌ره‌وه‌دا بۆ حیزبی دێموکڕات و کوردی رۆژهه‌ڵات بوون به براندی سیاسی و خه‌باتگێڕی.
له سه‌رده‌مێکدا که ئاله‌نگارییه‌کانی سه‌ر رێگای حیزبی دێموکڕات و کوردی رۆژهه‌ڵات بۆ قۆناغه‌کانی له‌مه‌ودوا زۆر له‌وه که بیری لێ ده‌که‌ینه‌وه زۆرتر و ترسناکترن، جێی خۆیه‌تی له ٧٥ ساڵه‌ی دامه‌زرانی حیزب‌دا که هاوکات ٧٥ ساڵه‌ی هاتنی کاک جه‌لیل بۆ نێو کایه‌ی گشتیی کوردیشە، مشوورێکی جیددی له گواستنه‌وه‌ی مه‌شخه‌ڵی خه‌بات له‌نێوان نه‌سله‌کان و کەڵک وەرگرتن لە هەموو هێز و تواناکان و له‌وه‌ش گرینگتر یه‌كگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکڕات بخورێ. دوایین وه‌سیه‌تی ژیانی کاک جه‌لیل له خه‌ڵوه‌تی دیداری دۆستانه‌ی سه‌رکرده و سیماکانی هه‌ردوو دێموکڕات‌دا یه‌کخستنه‌وه‌ی هه‌رچی زووتری ریزه‌کانی دێموکڕات بوو.
بەداخەوە کاک جه‌لیل نه یه‌کگرتنه‌وه‌ی دێموکڕاتی دی، نه رزگاریی کوردستان، به‌ڵام هه‌ردووکیان کە تەنیا بەوان رووحی کاک جەلیل و شەهیدان شاد دەبێ، له‌ده‌ست خۆماندان.
*
له کونجی لای ڕاست و سەرەتای گۆڕستانی شه‌هیدانی دێموکڕات له کۆیه، گڵی ته‌ڕی گۆڕێکی تازه به ئاڵای پیرۆزی کوردستان داپۆشراوه. ئه‌و گڵکۆیه گڵکۆی دوایین یادگاری زیندووی کۆماری کوردستان، هێمای کوردایه‌تیی پاک و خۆڕاگریی بزوتنه‌وه‌یه‌ک، کاک جه‌لیلی گادانییه. هه‌ڵکه‌وته‌ی شوێنی گڵکۆی کاک جه‌لیل، وه‌ک له ژیانیدا، له پاش مه‌رگیشی، ئه‌وی کردۆته میواندار و بهخێرهێنهری زائیران و هۆگرانی باره‌گای خه‌بات بۆ ئازادیی کورد و کوردستان.
ئه‌گه‌ر له کێلی خواره‌وه‌ی قه‌بره‌که‌ی کاک جهلیلڕا هێڵێکی راست به‌ره‌و باکوور بکێشین، هێڵه‌که زۆر زوو ده‌گاته سه‌ر سه‌ری شەهید جه‌ماڵ ئەکبەری، ئیسکۆرتهکهی کاک جه‌لیل که له مووشه‌کبارانی قه‌ڵای دێموکڕات‌دا گیانی بەخشی..
ئه‌گه‌ر له کێلی سه‌ره‌وه‌شی ڕا هێڵێکی راست به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات بکێشین، ئه‌و هێڵه، نه زۆر دره‌نگ، ده‌گاتەوە مه‌هاباد.
نێوان ئەو دوو هێڵە وەک گۆشەی پەرتەوێکی لێ دێ کە ڕەنگە سۆمای چاوی کاک جەلیل بێ له زێده‌که‌ی حاجی قادرەوە بۆ چوارچرا و رۆژهەڵاتی وڵات دەڕوانێ.
نەعشی ئەو ڕێبەرە نەمرە له هیچ کفنێکدا جێی نابێته‌وه، مه‌گه‌ر ئی خۆشه‌ویستیی خه‌ڵکی کوردستان.