ئەو دەمەی گەنجێک بە شوێن دۆزینەوەی دەروازەی گەنجخانەی ئازادیدا دەگەڕێ، ژیان بەپێی هەلومەرجی زەمان هەودای بەرەوپێشچوونی لە دوو دەدا؛ یانی هەر چەندی ئەو سەری بێنێوبەرێ، هەر دەتوانێ ئەوەندەی ڕێ لەبەر بڕوا کە شوێن و سەردەم دەرفەتی دەدا و نە چی دیکەی بۆ دەکرێ و نە بۆی دەلوێ.
شوێن و زەمان دەکرێ ڕەوگەی تێپەڕینەکە بگۆڕێ، بەڵام چی لەگەڵ ڕوانگە و ڕێبازەکە بۆ ناکرێ. ڕێبازی گەیشتن بە لوتکەی ئامانج بە دەروونی تەمەنی ئادەمیزادی خاوەن بڕیاردا دەڕوا. دوورودرێژه و پڕ له هەوراز و لێژ.
گەلۆ!
زەمان بەرەبەرە نەمامی شلک و شەنگی مناڵی و مێرمناڵی و لاوی پێدەگەیەنێ و پەلی پێ داوێ و دەیکاتە دار؛ داری پڕبەر و سێبەر یان بێبەر و تەنکەنسێ. جاری وایە ئادەمیزاد ڕووتەدارێکە باریک، ئەستوور و کلۆر و بە کرمۆڵی دەژی. دارێکە سەرەنجام ڕەشەبای نەمان دەگاتە سەری و ڕیشەی دەردێنێ و دەیشکێنێ و بڕایەوە. هەی لەم لێڕەوارەی ئادەمیزادان! ئەمانە زۆربەن و چی وایان پێ نابێ بۆ پەرەی بیر و گەشەی ژیان و هەڵدانی نیشتمان.
عەزیزکەم! ئەی پیرەدارە شەنگ و بڕبەر و سێبەرەکەی نیشتمان. تۆ گەنجێک بووی لە نێو گەنجخانەی شۆڕشگێڕیدا و گەوهەرێک بووی شەوچرا. تۆ سەرچەشنی نەناسینی شەکەتی و کۆڵنەدان بووی و مەرجی خۆت بردەسەر. ڕووت وەرنەگێڕا لەو ڕەوتەی کە بەگژ شەودا دەچێ و بە دوای پرشنگی خۆردا دەگەڕێ. تۆ وتت شەو چەندیشی بە بەرەوە مابێ، ڕووناکی باڵی هەر دەنگێوێ و بەڕاستی تۆ لەسەر حەق بووی! تۆ لەسەر حەقی، چونکە حەقیقەت هەر چەندی پێخوستیش بکرێ، هەر زیندووە و لە پشوو ناکەوێ.
تۆ ڕێبوارێکی لێبڕاو بووی؛ هەتا ئێرە خەمم نەبووی! بەڵام مەرگی “غەریبانە”ت تەزاندمی. تۆ غەریب نەبووی، بە مەرگی تۆ تەنیا مەرگت “غەریبانە” بوو… ئەو کوڕەکوڕانەی دەبوو هەڵتبگرن بە شانان، دڵیان بەم کاتە تاڵ و دژوارە زامارە. شینت بۆ دەگێڕم ئەوەندەی بێپەساران دڵیان حەز دەکا… دڵخۆشیی خۆم دەدەمەوە و دەڵێم دارەتەرمەکەی تۆ کە دەبوو بەسەر شانانەوە بێ، دایکی نیشتمان خۆی بەتەنیا لە کۆڵی داوە و گوڵبارانی کردووە و بە خاکی ئەسپاردووە.
تۆ لە گیانئەسپایەکی ناوادەدا سەفەری بووی، ئەی ڕێبوارە سەربەرزەکەی کوردایەتی. با فرمێسکی ئێمەمانانت لەگەڵ بێ کە خۆیان گەوهەری ئەندیشەن، نەک تەنیا هەستی خۆشەویستی.