بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەشێکی بەرچاو لە بەندییەکانی بەندیخانەی “ئێڤین”ـی تاران تووشی کۆرۆنا بوون.
بە گوتەی “بێهنام شەیخی”، یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی لە بەندی هەشتی بەندیخانەی ئێڤین لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لەوە کردوە کە نیشانەکانی کۆرۆنای لە خۆیدا بەدی کردوە.
ناوبراو هەروەها گوتوویەتی، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژ بە مەبەستی دانی تێستی کۆرۆنا چووەتە ناوەندی تەندروستیی بەندیخانە، بەڵام تاقیکردنەوەکەیان بۆ نەکردوە.
بە گوێرەی قسەکانی بێهنام، دەرەنجامی زۆربەی ئەو تاقیکردنەوانەی لە بەندی هەشتی ئێڤین کە بەڕێکەوت لە بەندکراوەکان وەر گیراوە پۆزێتیڤ بووە و لەبەر نەبوونی تەختی نەخۆش لە ناوەندی تەندروستیی ئەو بەندە گواستراونەتەوە بۆ بەندی چواری بەندیخانەکە.
بە گوێرەی زانیارییەکان لانیکەم ١٨ بەندکراوی بەندی هەشتی بەندیخانەی ئێڤین تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەوانەیە زۆربەی بەندکراوەکانی دیکەش تووش بووبن.