دوای بڵاوکردنەوەی وتوێژێک سەبارەت بە ئامارە هەڵەکانی کۆرۆنا لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕۆژنامەی “جیهانی سەنعەت” داخرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی گەلاوێژ ڕۆژنامەی “جیهانی سەنعەت” یەکێک لە ڕۆژنامە دەوڵەتییەکانی ئێران ڕاپۆرتێکی لە سەر ئامار و زانیاریی هەڵە و بێمتمانەیی خەڵک بە زانیارییەکانی دەوڵەت لە بارەی کۆرۆناوە، بڵاو کردەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا “محەممەدڕەزا مەحبووبفەر”، یەکێک لە ئەندامانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕاستییەکان لە مەڕ تووشبووان و گیان لەدەستچووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران دەشارێتەوە و ڕاستیی ڕووداوەکە باس ناکا.
ناوبراو باسی لەوە کردبوو کە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم جێگای بڕوا نین و ئەو ئامارانەی کە ڕۆژانە باس دەکرێن و بە خەڵک ڕادەگەیەندرێن، یەک لە سەر بیستی ئامارە ڕاستەکانە، هەر بۆیە ناکرێ بڕوای پێ بکرێ.
محەممەدڕەزا مەحبووبفەر هەروەها گوتوویەتی: “بڵاوکردنەوە و باسکردنی ئەو ئامارانە تەنیا لەبەر هێندێ بابەتی سیاسی و ئەمنیەتییە کە کاربەدەستانی ڕێژیم ڕۆژانە لە نێو خەڵکدا بڵاوی دەکەنەوە.”
شایانی باسە هەر بە هۆی بڵاو بوونەوەی ئەم وتووێژە ئەمڕۆ ۲۰ـی گەلاوێژ، ڕۆژنامەی “جیهانی سەنعەت”، لە لایەن لێژنەی چاودێریی چاپەمەنییەکانەوە داخرا.