“ئامین ڕەمەزان”، هاوسەری خوالێخۆشبوو “ڕەسووڵ ڕەمەزان” و دایکی پێشمەرگەی فیداکار، شەهید “حەسەن پەڕنیان”، شەوی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی لە ئاوایی “چەشمەگۆلی” ناوچەی شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە ئامین، خەرمانانی ١٣٦٠، لە کاتی گیرانەوەی ناوچەی شنۆ لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کوڕە قارەمانەکەی حەسەن پەڕنیان کە پێشمەرگەی هێزی سمکۆ بوو، لە شەڕ لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕێژیمدا، لە دەست دا. لە ماوەی ٣٩ساڵی ڕابردوودا، ئەم دایکە دڵسۆزە، لە شانازی کردن بە ڕێبازی حەسەنی کوڕی و خۆشەویستیی حیزبی دیموکرات و وەفاداری بە ئامانجەکانیان غافڵ نەبوو. ئامین ڕەمەزان خۆی بە سەربەرز دەزانی کە دایکی شەهیدێکی کوردستانە و نەیدەشاردەوە کە تا دوا هەناسەی ژیانی پشتیوانی درێژەدەرانی ڕێگای ڕۆڵە شەهیدەکەیەتی.
دایە ئامین ئاواتی ڕزگاربوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە چاوی خۆی نەدیت، بەڵام بە دڵنیایەوە تێکۆشەرانی دێموکرات، لە خەبات تا وەدیهێنانی ئاواتەکانی خۆی و شەهید حەسەن پەڕنیان بەردەوام دەبن و یادیان زیندوو ڕادەگرن.
جێی ئاماژەیە تەرمی دایە ئامین لە تەنیشت گڵکۆی کوڕە شەهیدەکەی لە گۆڕستانی “حەسەننووران” بە خاک سپێردرا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی دایە ئامین و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین.