مەجید محەممەدی، کۆمەڵناسی ئێرانی-ئەمریکایی لە وتارێکدا دەڵێ: “ئاگر تێبەربوونی بەشەکانی بەرهەمهێنان، دامەزراوە و سەرچاوە سروشتییەکان، تەقینەوەکانی دامەزراوە ناوکی و بنکە نیزامییەکان، نەبوونی بوودجە و پاشەکەوتی ئابووری، کەمڕەنگ بوونەوەی پێوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە، هەژاری و بێکاری، خۆپیشاندان و چەندین کێشەی دیکە، بۆتە هۆی ئەوەیکە ڕێژیم لە داهاتووی خۆی نیگەران بێ.”
ئەو کۆمەڵناسە لە درێژەدا باسی لەوە کردوە کە تێرۆری دژبەرانی سیاسیی ڕێژیم لە وڵاتانی ئاسیایی و ئورووپایی، حوکمی ئێعدامی خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە ئێران و ساڵی ٩٦ و دەسبەسەر کردنی کەسانی چالاکی فەرهەنگی، نیشانەگەلێکن لە ترسی ئەم ڕێژیمە لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینی بەربڵاو لە ئێران.
ناوبراو لە درێژەدا باس لەوە دەکا کە ئەقڵییەتی کاربەدەستانی ڕێژیم لە سەردەمی سەرەتای دەیەی ٦٠ـدایە و لە ترسی ڕووخانی دەسەڵاتی خۆیان دەست بۆ هەموو جینایەتێک دەبەن. ئەو لێکۆلەرەی بواری کۆمەڵایەتی لە سەر چوونە دەری ئەمریکا لە بەرجام دەڵێ: “لەگەڵ ڕۆیشتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و شکستی بەرنامە و پیلانی ڕێفۆرمخوازی لە نیوەی دووەمی دەیەی ٩٠دا، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو سەرچاوەی گرینگی خۆی لە دەست دا.
هەروەها پەلەی ڕێژیم لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی و هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر ئەو دامەزراوە و بنکانە و ئامانجەکانی ڕێژیم لە سووریە، ئەگەری ترسی ڕێژیمی لە ڕووخان چەند قات کردوەتەوە.
هەر بۆیە ئەو هۆکارانە کە باس کرا، دەتوانن ببنە مایەی ترسی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و ئەو ڕێژیمە ناچار بێ، دەست بۆ هەموو جینایەتێک بەرێ تاکوو مان و مەوجوودیەتی خۆی لەسەر دەسەڵات ڕا بگرێ.