تێکهەڵچوونی پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ناڕازیی بەیرووت لە دووهەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی لوبناندا بەردەوامە.
لە دووهەمین ڕۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خەڵکی لوبنان بەدژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت، پۆلیس و هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ دوورکردنەوەی خۆپیشاندەران لە پێتەختی ئەو وڵاتە گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێنا.
خۆپیشاندەرانی ناڕازی، ڕۆژی شەممە19ی گەلاوێژ، یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی ڕێگای پارلمانی لوبنانیان داخست کە هاوکات هێزەکانی دژە شۆڕش بە باتۆم کەوتنە گیانی خۆپیشاندەران. هەروەها خۆپیشاندەران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی زیاتر چوونە پێش بینای وەزارەتی خانووبەرە و هاتوچۆ و حکوومەتیان بە کەمتەرخەمی و گەندەڵی تۆمەتبار کرد و خوازیاری دەست لە کار کێشانەوەی بەرپرسانی حکوومەتی و بە تایبەتی چوونە دەری ملیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیروت بوون.
لە کاتێکدا حکوومەتی لوبنان چەندین مانگە تووشی قەیرانی سیاسی و ئابووری بووەتەوە، وەزیری ژینگەپارێزیی ئەو وڵاتە، ڕۆژی یەکشەممە دوای ئەوەی کە وتی حکوومەت لە ڕەوتی چاکسازیدا سەرکەوتوو نەبووە، دەستی لە کار کێشایەوە.
هاوکات، بەشارەت پێترۆس ئەلڕاعی، ڕێبەری کلیسای ماڕۆنی لوبنان ڕایگەیاند: دەست لەکار کێشانەوەی چەند بەرپرسێکی حکوومەت تەواوی کارەکە نییە، دەبێ هەموو حکوومەت هەڵوەشێتەوە، لەبەر ئەوەی نیشانیان داوە کە ناتوانن کێشەکانی وڵات چارەسەر بکەن. بە پێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی مانگی سوور، لەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییانەدا، پۆلیسێک کوژراوە و 170 خۆپیشاندەر بە هۆی تەقەی گازی فرمێسکڕێژ و هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بریندار بوون.
تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت، بوو بە هۆی کوژرانی 158کەس، بریندار بوونی زیاتر لە 6000 کەس، ئاوارە و بێخانوو بوونی 300 هەزار کەس و ناڕوون بوونی چارەنووسی دەیان کەسی دیکەش.
بە وتەی فەرمانداری بەیرووت: تا ئێستا ناسنامەی زۆر کەس کە بە هۆی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووتەوە گیانیان لە دەست داوە ئاشکرا نەبووە، بە وتەی ناوبراو زۆربەی ئەو کەسانە شۆفێری کامیۆنەکانن کە لەو بەندەرە کاریان دەکرد.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشتیوانیی لە حیزبوڵڵای لوبنان ئەو وڵاتەی بەرەو داڕمان و شەڕی نێوخۆیی بردوە.












