ئەندامێکی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران: ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕاست نییە.
یەکێک لە ئەندامانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران ڕایگەیاندووە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕاستییەکان سەبارەت بە تووشبووان و گیان لەدەستچوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران دەشارێتەوە و ڕاستیی ڕوداوەکە باس ناکا.
محەممەدڕەزا مەحبووبفەر”، ، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ـی گەلاوێژ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “جیهانی سەنعەت” یەکێک لە ڕۆژنامە دەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا باسی لەوە کرد کە” ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم جێگای بڕوا نین و ئەو ئامارانەی کە ڕۆژانە باس دەکرێن و بە خەڵک ڕادەگەیەندرێن، یەک لەسەر بیستی ئامارەکانە. هەر بۆیە ناکرێ بڕوای پێ بکرێ.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندرووستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا تاکوو ئێستا، ١٨ هەزار و ٤٢٧ کەس بە هۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ٣٢٦ هەزار و ٧١٢ کەسیش تووشی نەخۆشییەکە بوون. بەڵام محەممەدڕەزا مەحبووبفەر لەوبارەوە دەڵێ: بڵاوکردنەوە و باسکردنی ئەو ئامارانە تەنیا لەبەر هەندێ بابەتی سیاسی و ئەمنییەتییە کە کاربەدەستانی ڕێژیم ڕۆژانە لە نێو خەڵکدا بڵاوی دەکەنەوە. هەرچەن جێگای ئاماژەیە کە ئەوە یەکەم کەسی ڕێژیم نییە کە ڕخنە لە کاربەدەستان و بڕیاردەرانی ئەو ڕێژیمە دەگرێ، بەڵکوو هەندێ لە بەرپرسان و کاربەدەستانی دیکەی ڕێژیمیش ڕخنەیان لە سیاسەتی چەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە خەڵک بووە.
شایانی باسە کە هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئێران کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلمای بە سوود و قازانجی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرت و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەوڵیکی ئەوتۆیان بۆ چارەسەر و دەرمانی ڤایرۆسەکە لە ئێراندا نەداوە.