ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژ، شۆڕای هاوکاریی کەنداو لە نامەیەکدا داوای لە شۆڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوە، گەمارۆی چەکوچۆڵی سەر ئێران درێژ بکەنەوە.
لەو نامەیەی شۆڕای هاوکاریی کەنداودا هاتوە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێژیمێکی ئاژاوەگێڕە و چالاکیی تێکدەرانە داکا و لە هەوڵی ناسەقامگیری ناوچەکەدایە.
لەم نامەیەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە بۆ پێشگرتن لە چالاکییە تێکدەر و ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا پێویستە دەست بەسەر داراییەکانی ئەو وڵاتەدا بگیردرێ و ڕێگە لەو کەس و لایەنانەش بگرن کە لەگەڵ ئێراندا بازرگانیی چەکوچۆڵ دەکەن.
جێی ئاماژەیە نزیک بە دوو مانگ ماوە بۆ کۆتایی هاتن بە گەمارۆی سەر چەکوچۆڵی ئێران و بۆ ئەو مەبەستەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بڕیارنامەی نوێی درێژکردنەوەی گەمارۆکانی داوەتە شۆڕای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە هەوڵی دووبارە درێژکردنەوەی گەمارۆکاندایە.












