“عەباس ڕەزایی ساڵح بابری”، جێگری فەرمانداری شاری ئەندیکای سەر بە پارێزگای خوزستان، هەواڵی ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەو شارەی پشتڕاست کردەوە و گوتی: “ئاگرکەوتنەوەکان لە کۆنترۆڵی هێزە یارمەتیدەرەکان چوووەتەدەرەوە”.
ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئاورکەوتنەوەکان لە ڕۆژی هەینییەوە دەستی پێکردوە و لە ناوچەکانی “شوایی، کفت هچە و کانی زنوون”ـەوە هێزی گرتوە و بەرەو بەشەکانی دیکە پەرەی سەندوە و لە ئێستادا بەربڵاوتر بووەتەوە.
جێگری فەرمانداری شاری ئەندیکا سەبارەت بە شێوەی ئاگرکەوتنەوەکە هیچی ڕانەگەیاندوە و هۆکارەکەی تا ئێستا دیار نییە، بەڵام ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم دەڵێ: “خاڵی بوونی ناوچەکە، گەرمای زۆر، زۆربوونی دارستانەکان و نیشتەجێ نەبوونی خەڵک لەو بەشانە هۆکاری زیاتر پەرە ئەستاندنی ئاگرەکەن.”
جێگای ئاماژەیە کە یەکێک لە هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەدا بریندار بووە.
شایانی باسە کە هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بە سەدان هەزار هێکتار لە دار، باغ، ڕەز، لەوەڕگە و شوێنەکانی کوردستان و ئێران سووتاون کە زۆربەی هەرە زۆریان، هەوڵی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ ئەوەی کە دارستان و ژینگەی زۆربەی شوێنەکان لەنێو بەرن.












