بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەری گەورەی کوردستان
برای گەورەم کاک جەلیل گادانی
بۆ من زۆر قورس و زەحمەتە کە لە سەر کاک جەلیل شتێک بنووسم، لەبەر ئەوەی لە تێکۆشەرە هەرە گەورەکانی کوردایەتی بووە.
زەمان و خەبات و تێکۆشانی زیاتر لە حەفتا ساڵ شاهیدی ئەوەی بۆ ئەدەن. ئەگەر مێژووی کوردایەتی هەڵدەینەوە ئەوە لەو ڕۆژەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزراوە یەکێک بووە لە کۆڵەکە گەورە و بەهێزەکانی، ڕۆژێک لە ڕۆژان درێغی نەکردوە و دوا نەکەوتوە، زەمانی شا و زیندانەکانی ئێران شاهیدیی ئەوەی بۆ ئەدەن، وە لە خەباتی نهێنی لە شار و دێهاتەکانی کوردستان جێگایەک نەماوە کاری نهێنی بۆ حیزب نەکات و لەبەر ئەو قۆناغەی خەبات دەیان ساڵ زیندانی دیوە لە زەمانی شادا. ئەم پیاوە کەسێکی گەورە بوو لە ڕووی سیاسی و ئەدەبی و نووسینەوە قۆناغەکانی خەباتی بڕیوە و تاکوو گەیشتوەتە سکرتێریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دیارە من کاری سیاسییم لەگەڵ نەکردوە بەڵام ئێمە و مانان شاگردی ئەو بەڕێزەین. ناسینی ئێمەش لەگەڵ ئەو بەڕێزەدا لەو ڕۆژەوە دەست پێ دەکات کە حیزبی دێموکرات بارەگاکانی هاتە کوردستانی عێراق، بەڕێزیان هاوڕێی نزیکی جەنابی مام جەلال بوون هەروەها هاوڕێی خەباتی دوکتور قاسملوو، فەتاح کاویان و مەلا عەبدوڵڵای حەسەنزادە و دەیان تێکۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات و خواروو بوو، خۆیان شاهیدن.
من چەند جارێک لەگەڵ جەنابی مام جەلال چووین بۆ بارەگاکانیان، بە تایبەت ئەو کاتەی کە بارەگاکانیان لە گەورەدێ و هەروەها لە دۆڵە ڕەقەی لای ڕانیە بوون. ئەو کاتەی کە لە گەورەدێ بوون لە دانیشتنەکاندا جەنابی مام جەلال زۆر ڕێزی لە خۆی و هەواڵەکانی دەگرت، مەجلیسەکەیان پاش کۆبوونەوە خۆش ئەبوو، بۆخۆشی شەهید دوکتور قاسملوو ئەیوت: کاک جەلیل تەمەنی زۆرە لە کۆماری کوردستان سروودی نیشتمانیی وتوە.
مەبەستم ئەم تێکۆشەرە گەورەیە لە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتەوە تاکوو ئەمڕۆ کە کۆچی کرد و بەجێی هێشتین، بۆ دەقیقەیەک لە خەبات دوا نەکەوتوە، لەو پێناوەشدا زەحمەت و ئازاری زۆر دیوە. کاک جەلیل خۆی قوتابخانەیەک بوو بۆ پێگەیاندنی سەدان تێکۆشەر کە هاتوونەتە ڕیزی خەباتەوە لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستان. هەر وەک لە پێشەوە وتم کاک جەلیل بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی کوردایەتی و مامۆستایەک دا دەندرێت.
بنوو مامۆستای گەورەم لە ڕۆژی کۆماردا کە سروودی نیشتمانییت وت لەژێر ئاڵای کوردستاندا هەر ئەو ئاڵایەیە کە ئەمڕۆ بە سەر تەرمەکەتەوەیە و پێی داپۆشراوی.
ئاواتەکانت نەهاتە دی، بەو هیوایەی خوێندکارەکانت تەواوکەری ڕێبازەکەت بن.
مامۆستای بەڕێز بە مەردی سەرت نایەوە و زۆربەی ژیانت لە پێناوی داوای ڕەوای میللەکەت بە دەربەدەری و زیندان بە سەر برد. بە گەورەیی سەرت نایەوە.
هەزار سڵاو لە خەباتت و جێگات بەهەشت بێت. سڵاو لە شەهیدانی کوردستان.
لێرەشەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و لە هەڤاڵانی ئەکەم، بەو هیوایەی وەفادارییت ببێتە مایەی یەکڕیزییتان لە داهاتوو.
مستەفا چاوڕەش
٨/٨/٢٠٢٠