لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لوبنان خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر بینای چەند شوێنی حکوومەتیی ئەو وڵاتەدا گرت.
ناڕەزایەتییەکانی خەڵكی لوبنان لە دوای تەقینەوەکەی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی کە لە بەندەری بەیرووت ڕووی دا و لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەدا لانیکەم ١٥٨ کەس کوژران و ٥ هەزار کەسیش بریندار بوون و تا ئێستاش گەڕان بە دوای ئەو کەسانەی کەوتوونە ژێر بینا داڕماوکان بەردەوامە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فەرانسە، هەزاران کەسی ناڕازی ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ ڕژانە شەقامەکانی بەیرووت و بەدژی سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە کە بەرپرسی ئەو ڕووداوە گەورەیەن و، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی خۆپیشاندەران کە بەشێک لە ئەفسەرانی خانەنەشینکراوی ئەرتەشی لوبنان لەگەڵیان کەوتن توانیان دەست بەسەر بینای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بگرن، ئەو بینایەیان کردوە بە بنکەی شۆڕشی لوبنان و هەروەها دەستیان بە سەر بیناکانی وەزارەتخانەی وزە، ژینگە، ئابووری و بەشێک لە بانکەکاندا گرتوە.
“سامی رەماح”، ئەفسەری خانەنشینکراو، ڕایگەیاند کە کۆنتڕۆڵی وەزارەتخانەی لوبنان لە دەستی ئێمە دایە و بە بنکەی شۆڕشی دەزانین و داوای لە هەموو خەڵکی لوبنان کرد کە بڕژێنە شەقامەکان و خوازیاری بەدواداچوونی قەزایی گەندەڵکاران بن.
ناڕەزایەتییەکانی لوبنان لە ساڵی ڕابردووە بە هۆی دۆخی نالەباری ئابووری ئەو وڵاتە دەستی پێکردوە و خۆپیشاندەران داوایان لە حکوومەت کرد کە حیزبوڵڵای لوبنان کە پشتیوانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پشتە، چەک بکەن و گەندەڵی نەمێنی .
جێگەی ئاماژەیە کە سێ کەس لە نوێنەرانی حیزبی کەتائیبی لوبنان، لە پەرلەمان دەست لە کارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند و داویان لە نوێنەرانی دیکەی ئەو حیزبە کرد کە دەست لە کار بکێشنەوە
شایانی باسە کە خۆپیشاندەران دەڵێن خەڵک ماندوو بوون و باوەڕییان بە سیاسەتمەداران و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نەماوە، حکوومەتی لوبنان لەمێژ بوو ئاگاداری مەترسی ئەو عەمبارانە بوو کە ٢ هەزار و ٧٥٠ تۆن نیترات ئامونیوم بوو و هیچ هەوڵێکی نەدا کە پێش بەو کارەساتە بگرێ.












