وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە دەست پێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەکوچۆڵی چینی، جیهان بەرەو ئاژاوەیەکی نوێ دەبا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ئەلعەرەبییە”، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی زیاتری چین و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها ناساندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرەکییترین پشتیوانی تێرۆریزم ڕایگەیاند، “بە هەر شێوەیەک بێ ئێمە وەکوو ئیدارەی ئەمریکا لە کابینەی “دۆناڵد ترامپ” گەرەنتی گەمارۆی چەکوچۆڵی سەر ئەو ڕێژیمە دەکەین و ناهێڵین جیهان تووشی ئاژاوەیەکی دیکە بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ناوکی و مووشەکی دوورهاوێژ و پێشکەوتوو بێ و پێشی پێدەگرین، هەرچەند دەزانین ڕووسیە و چین پشتیوانی ئەو ڕێژیمە دەکەن کە بۆ جیهان مەترسیدارە.”
شایانی باسە کە نزیک بە دوو مانگی دیکە گەمارۆی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە چەکوچۆڵ لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی دێ و ئەمریکا لە هەوڵدایە ئەو ماوەیە بۆ کاتێکی نادیار درێژ بکاتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش پشتی بە چین و ڕووسیە بەستوە کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بڕیارەکە بە قازانجی ئەو ڕێژیمە ڤێتۆ بکەن.












