حکومەتی پاکستان لەسەر داوای ئەمەریکا، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گرتوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی فارس، “ڕەحمان مەلیک”، سەرۆکی لێژنەی نێوخۆی ئەنجومەنی پیرانی پاکستان لەو بارەوە ڕایگەیاند، هۆشداریمان داوە لە گواستنەوەی نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پاکستان، چونکە ئەمە پرسێکی نێودەوڵەتییە و دەبێتە هۆی فشارخستنە سەر پاکستان.
ڕاشیگەیاند: “گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ پاکستان دژی ئەو سزایانەیە کە خراونەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.”
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر داوای ڕێکخراوێکی چاودێریی ئەمریکایی دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتوە و بڕیارە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی یاسایی لێ بکەن.
بە گوێرەی هەواڵێکی”ئاڕ تی” ڕووسی، تا ئێستا حکوومەتی ئێران هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەو بارەوە نەبووە.
شایانی باسە کە ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا، لە دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی ئورووپایی، کڕینی نەوتی ئێرانی لە جیهان قەدەغە کرد و هەڕەشەی سزادانی لەو لایەنانە کرد نەوتی ئێران دەکڕن.












