ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، بەشێک لە کرێکارانی شارەداری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشان بە هۆی وەرنەگرتنی مووچە دواکەوتوەکانیان لەبەردەم شارەوانی ئەو شارە کۆبوونەوە.
ئەم کرێکارانە ماوەی ٥ مانگە مووچەیان وەرنەگرتوە و باسیان لەوە کردوە تا وەرگرتنی تەواوی مووچەکەیان درێژە بە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکەیان دەدەن.
جێی ئاماژەیە، ئەو کرێکارانە سەرەڕای ئەوەی کە ٥ مانگی تەواو موچەیان وەرنەگرتوە، پاداش و جەژنانەی ساڵی ڕابردووشیان نەدراوەتێ و دوای چەندین جار داواکاری و قەول و بەڵێنییەکانی کاربەدەستان تا ئێستا کێشەکەیان لە جێی خۆیدا ماوەتەوە.
شایانی باسە، کێشەی کرێکاران و پێنەدانی مووچە و دەرکردن لە کارەکانیان تەنیا تایبەت بە شارێکی کوردستان نییە و بەڵکوو کرێکاران لە هەموو شارەکانی کوردستان لەگەڵ ئەو کێشانە بەرەوڕوون و ناڕەزایەتیی کرێکارانیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ.