کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نایشارنەوە کە مەترسیی تەقینەوەی کۆگاکانی ئامۆنیوم و ماددە شیمییاییەکان لە ئێرانیش هاوشێوەی لوبنان هەیە.
بەدوای تەقینەوەکەی ڕۆژی سێشەممە ۱۴ی گەلاوێژی ۹۹ی هەتاوی شاری بەیرووت لە لوبنان، سێ کەس لە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەبارەت بە بوونی کۆگاکانی شیمیایی لە شوێنی مەدەنی لە شارە گەورەکان بە تایبەت تاران هۆشداریان دا و نیگەرانیی خۆیان لەو بارەوە دەربڕی.
“ڕەزا کەرەمی محەممەدی”، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرگری و بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانی شارەداری تاران، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی و هۆشداری دووبارە گوتی: “ئەو کۆگاگەلە لە نێو شارەکان زۆر مەترسیدارن و تا ئێستا چەند جار لەو بارەوە ناوەندە بەرپرسەکانمان ئاگادار کردوەتەوە، بەڵام هیچ گرینگییان پێنەداوە”.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەرکی ئێمە ناساندنی مەترسییەکانە و چۆڵکردنی ئەو شوێنانە لە سەر شانی شارەداریدا نییە و دەبێ ناوەندە پێوەندیدارەکان ئەو کارە بکەن، کە مەبەستی سپای پاسدارانی ڕێژیمە.
“مەجید فراهانی”، ئەندامی شۆرای شاری تاران، لە لاپەڕەی شەخسی خۆی لە تویتێردا نووسی: ئەگەر یەکێک لەو کۆگاگەلە بتەقێتەوە کارەساتێکی زۆر لە بەیرووت خراپتر لە تاران ڕوودەدا، ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە لە بەرچاو نەگرتنی پرۆتۆکلی پاراستن و کەڵەکەکردنی ماددەی شیمیایی لەسەر یەک، ئەگەری هەیە لە یەک ساتدا تەواوی نەزمی نیزامی شار و کۆمەڵگەیەک لە شاردا تێک بچێ
فەراهانی بۆ نموونە ئاماژەی بە کۆگای نەوت لە ناوچەی شەهران کرد کە هەموو ڕۆژێ نزیکەی ۳۰۰ تانکێڕی ۳۰ هەزار لیتری سووتەمەنی لەو کۆگایەدا هەڵدەگیرێ و گوتی: “ئەو شوێنە وەک بۆمبێکی هیدرۆژێن وایە لە نێو شاردا”.
“غوڵامڕەزا جەلالی”، بەڕێوەبەری ناوەندی پەدافەندی غەیری عامل، بەرپرسێکی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە سەبارەت بە ناوەندە مەترسیدارەکان و کۆگاکانی ماددەی شیمایی لە شارەکانی ئێراندا هوشداری داوە.