بەداخەوە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ کەسایەتیی ناوداری بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک جەلیل گادانی داوی حەوت دەیە خەبات و تێکۆشان بە هۆی نەخۆشیی کۆرۆنا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کردستان بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد.
کاک جەلیل یەکێک لەو لاوە خوێنگەرمانە بوو کە هەر لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد دەستی بە خەباتی سیاسی کرد. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانیش کۆڵی نەدا و لە ڕوونکردنەوە و ڕێکخستنەوەی تێکۆشەرانی دێموکراتدا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا. هەر بۆیە لەو پێناوەشدا چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی پاشایەتییەوە دەستگیر دەکرێ و ڕەوانەی سیاچاڵەکانی ئەو ڕێژیمە دەکرێ و بۆماوەی نزیک بە ١٥ساڵ لە تەمەنی پڕ لە سەروەری خۆی لە زیندانەکانی ڕێژیمی شاهنشاهیدا بەسەر دەبا. لەو مەیدانەشدا کاک جەلیل بە حەق هێمایەک بوو لە خۆڕاگری و بەرخۆدان و دوای ئازادبوونی لە بەندیخانە گەرم وگووڕتر لە جاران دەستی بە خەبات و تێکۆشان کردەوە.
دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە زۆربەی هەرە زۆری کۆنگرەکانی حیزبدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و دواتر بە ئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵبژێردرا و لەو مەیدانەشدا ماندوونەناسانە بەوپەڕی سەداقەت و دڵپاکییەوە ئەرکەکانی بەجێ گەیاند.
ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی دوای دامەزرانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاک جەلیل یەکێک لە خەمخۆرانی دامەزرانی ئەو ڕێکخراوە بوو و هەر لە سەرەتاوە بوو بە ئەندام و بۆ ماوەیەکیش بەرپرسایەتیی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە سەر شان بوو. هەر بۆیە کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی کاک جەلیل کاریگەری لە سەر کار و چالاکییەکانی ئەنجومەن هەبوو و بە خەمخۆرییەوە کاری بۆ سەرخستنی کارەکان دەکرد.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای بەداخ بوون بۆ کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە مەزنە، هاوخەمی خۆی ئاڕاستەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هاوڕێ و هاوسەنگەران و بنەماڵەی بەڕێز گادانی و هەموو خەڵکی کوردستان دەکا.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٦ی گەلاوێژی١٣٩٩