لە کاتێکدا ئێمە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بەرەوپیلی پیرۆز کردنی یووبیلی ئەڵماس و ۷٥مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەچووین، بەداخەوە هەواڵی ناخهەژێنی کۆچی دوایی سیمای ناسراوی کورد و تێکۆشەری دێرینی دێموکرات، هەموومانی ماتەمبار کرد.
زۆر بەداخەوە ڕۆژی پێنجشەممە ۱٦ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، کەسایەتیی سیاسی ناودار و تێکۆشەری ماندوویینەناس و نیشتمانپەروەری دێموکرات، بە هۆی نەخۆشی دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد.
کاک جەلیل گادانی، خەباتگێڕێکی بە ورە و کەسایەتییەکی ڕاستگۆ و هێمای بەرزی کۆڵنەدان و خۆڕاگری بوو و زیاتر لە حەوت دەیە بوو لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد، لە خەبات و تێکۆشانی بێوچاندا بوو.
نەمر کاک جەلیل جیا لەوەی سیاسەتڤان و شۆڕشگێڕێکی نەسرەوتوو و پشوودرێژ بوو، لە هەمان کاتیشدا کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی، خەڵکی و خاکەڕا بوو، هەر بۆیە لەدەستچوونی ئەو بەرزەمرۆڤە بۆ هەموو لایەک جێگای داخ و پەژارەیە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێز گادانی و هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات، بەڵێن دەدا کە پشوودرێژتر لە پێشوو بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی نەمر کاک جەلیل گادانی و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان، تێدەکۆشێ.
هیواخوازین کە ڕوحی ئەم تێکۆشەرە دێرینە بە وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی شاد بێ.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
١٧ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی