خەڵکی دڵسۆز و ئەمەگناسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات بە ناردنی نامە و ڕاگەیەندراو، داخ و پەژارەی یەکجار زۆری خۆیان بۆ کۆچی دوایی مامۆستای کۆڵنەدان و کوردایەتی کاک جەلیل گادانی ڕاگەیاند و وێڕای بەداخبوونیان بۆ ئەو کۆستە گەورەیە پەیمانی درێژەدانی ڕێگا و ڕێبازی ئەو نەمرە و هەموو شەهیدانی حیزبی دێموکرات و کوردستانیان دووپات کردەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا لە شارەکانی کرماشان، سنە، سەقز، بۆکان و مەهابادەوە پەیامی هاوخەمیی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە کە سەرجەم ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزانی بزووتنەوەی کورد لەو شارانەدا وێڕای بەداخبوونیان بۆ کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە مەزنەی کە ئەزموونێکی زیاتر لە ٧٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی سەخت و دژوار و خۆشی و ناخۆشییەکانی ئەو ڕێگایەی پێمان بەخشی و پڕ بوو لە ورە و وزەی سەرکەوتن و سەربەرزی، پەیمانییان لە گەڵ ڕێبازەکەی کاک جەلیل و ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان تا گەیشتن بە لووتکەی ئاوات و ئامانجەکانی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان دووپات کردەوە.
لە لایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەسخۆشی و پێزانینی خۆمان بۆ هەڵوێست و ئەو پەیامە دڵسۆزانەی هاوڕێیانمان لە نێوخۆی وڵات ڕادەگەیەنین، دڵنیایان دەکەینەوە کە هاوسەنگەرانی کاک جەلیل ڕێبازەکەی بەرنادەن و ئەو تێکۆشەرە مەزنەی گەلەکەمان بۆ هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە.