***
سیمایەکی هەڵکەندراو
لە کاڵنەبوونەوەی تۆخیی
ڕەنگێکی سوور،
بە سەر تەختی تەوێڵی مێژووی
شاخێکی بەرز … ڕەقەن و ڕژد،
کڵاوقوت و سەرپێچراو
بە جامانەی ناسکی هەوریی
هەورێکی ئاوس بە باران،
بڵند … بڵند
بە بنمیچی غوروورەوە
نووکی تیژی قوڵەنگێک لە بەردەوامی،
بۆ کەندنی گابەردی تابەنی کەژی سینگی سەبر،
تا گەیشتن بە کڵاوڕۆژنەی ئاوەدانی
بڕیارێک بۆ دانەچرمین
بڕینی زمانی ڕووخان
بە پێوەمان،
هەتا مردن … بۆ دواڕۆژێک،
شیلەی خەندە،
بڕژێتە سەر کەمەی لێوان!
گفتێکی پاک،
ڕەوان وەکوو ڕۆشنایی ئاو
لە قارقارەی دەم لافاوی ڕۆژێکی گەش
لە سەر سینگی بەهارێکی نێو ڕێبەندان،
جیاوازتر لە گشت وەرزێکی
ڕۆژژمێری ساڵ و سەدەی نێو کوردستان
بانێژەیەک لێوانلێو لە گوڵەگەنمی تازە لە باقە دەرهاتووی
تێراو لەبەر تیشکی هەتاو!
ئەو،
“ئەی ڕەقیب” و
چەند سروودێکی چیایی و
“خۆر و ئاسۆ و گوڵەگەنم و
پێنووسێکی مەیلەو سوور و
کتێبێکی نێو چاپخانەی سوێند و وەفای”
لەو شەوە تاریکەی ترسا،
لە تریفەی ڕۆحی سپی
پێچابووەوە،
کە “چوارچرا” کردبوویە
گەردەن بەندێک،
بە گەردنی
سەری لە بن پەڕێندراوی
مێژووەوە!
ئەو ڕۆیشت و
وەکوو ڕووبار … لە پێ نەکەوت،
دوودڵی قەت،
ئاوڕێکی پێ نەدایەوە
چەشنی هەڵۆ،
نە هەڵکشان بەرەو بەرزی پشووی پێدا و
نە کوێرەڕێ،
لە تابووتی تۆزی خۆیدا
شاردییەوە
نە خلیسکان، لە هەڵچوونەوەی دابڕی و
نە زەمانیش،
لە کفنی بێدەنگیی خۆیدا،
پێچایەوە!