ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک جەلیل گادانی، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرانبەر بە ٦ـی ئاگۆستی ٢٠٢٠ـی زایینی، تێکۆشەری ناسراو و دێرینی بزووتنەوەی کورد و هاوڕێی دەیان ساڵەی خەبات و خۆڕاگریی تێکۆشەرانی دێموکرات، پاش تووشبوون بە کۆرۆنا و حەوتوویەک بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم بەڵا هەمەگیرە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی ٨٧ ساڵییدا کۆچی دوایی کرد.
کاک جەلیل گادانی یەکێک لەو تازەلاوانەی سەردەمی کۆماری کوردستان بوو کە هەر لەو کاتیەوە ئۆگری ئازادیی نەتەوەکەی و خەبات لە پێناو وەدیهاتنی ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە کوردستانی ئێران بوو.
لە پاش جوانەمەرگبوونی کۆمار، لەو تێکۆشەرانە بوو کە بۆ ڕێکخستنەوەی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکان لە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامدا بوو، لە ڕەوتی ئەو تێکۆشانەدا چەند جار دەستگیر و زیندانی کرا و هەر جارێک پاش ئازاد بوون بۆ تێکۆشان و درێژەی خەبات تێهەڵدەچۆوە.
پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ئاشکرا بوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بۆ چەند ساڵ وەک یەکێک لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسیی حیزب ماندوویی نەناسانە لە هەوڵ و تێکۆشاندا بوو.
کاک جەلیل جیا لەوەی تێکۆشەرێکی سیاسی بوو، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و خەڵکی بوو، لەدەستچوونی ئەم تێکۆشەرە بۆ هەموو لایەک جێگای پەرۆش و خەمبارییە.
ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بۆ لە دەستچوونی ئەم تێکۆشەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی گادانی و هەموو دۆست و ئاشنایان و هاوسەنگەرانی دەکات و هیوا دەخوازین کە ڕووحی ئەم تێکۆشەرە دێرینە بە وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی شاد بێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی سیاسی
١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی
٦ـی ئاگۆستی ٢٠٢٠ـی زایینی