سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانی بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک جەلیل گادانی پەیامێکی بۆ سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان ناردوە. لەو پەیامەدا وێڕای هاوخەمی بەبۆنەی لەدەستدانی کاک جەلیل گادانی، هاتوە کە مەرگی کاک جەلیل گادانی بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد داخێکی سەختە.
دەقی پەیامی سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی مەرگی کاک جەلیل گادانی
بەبۆنەی کۆچی دوایی جەلیل گادانی، تێکۆشەر و خەباتگێڕ و سیاسەتمەدار و کەسایەتیی دیاری کوردستان و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حزبی دیموکرات، پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ڕادەگەیەنین و سەرەخۆشی لە خانەوادە نیشتمانپەروەرەکەی و سەرکردایەتی و ئەندامانی حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکەین .
جەلیل گادانی، کەسایەتییەکی دیار و نیشتمانپەروەری کورد بوو. دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال ـیش بوو کە لە تەمەنی لاوێتییەوە تێکەڵ بە کاری سیاسەت و خەباتی کوردایەتی بووە. لەو رێگایەشدا چەندین جار تووشی ئازار و زیندان و نەھامەتی بووە، بەڵام پشودرێژانە بەردەوام بووە لە کۆڕی خەبات و، بزووتنەوەی سیاسیی کورد؛ بۆیە لەدەستدانی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەرێکی دێرین، داخێکی سەختە و ھیوامان وایە ئەمە دواناخۆشی بێت و ڕوحی کۆچکردووش بۆ ھەمیشە شاد بێت .
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٦ /٨ / ٢٠٢٠