هەرنەبێ ٥١٨ کەس لە کرماشان نەخۆشیی گورچیلەیان هەیەو دیالیز دکرێن، لەو ژمارەیە ٣٠٠ کەسیان لە چاوەڕوانیی نەشتەرگەریی پەیوەندی گورچیلە دان.
حوسێن بیگلەری بەبۆنەی حەوتووی ” پشتیوانی لە نەخۆشە دیالیزییەکان” وێرای ئاماژە بەوەی کرماشان ناوەندی سەرەکیی پەیوەندی گورچیلە لە کوردستانە، گوتی لە ئێستادا ٥١٨ کەس لە کرماشان بەهۆی لە دەستدانی گورچیلەکانیان دیالیز دەکرێنو بەپێی بارودۆخی تەمەنیو جەستەیی ئەوان ٣٠٠ کەسیان چاوەرێی پەیوەندی گورچیلە دەکەن.
بیگلەری ئاماژەی بە لاوازیو جێنەکەوتنی فەرهەنگی بەخشینی ئەندامانی لەش لە کۆمەڵگای کوردستانو ئێراندا کردو گوتی هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەوانەی گورچیلەکانیان لە دەست داوە لە گەڵ خەڵکی زیندووی فرۆشیاری گورچیلە بکەونە ساتو سەوداو، بەهۆی گرانیو نرخی زۆری ئەو کارەش زۆر کەس کە هەژارو دەسکورتن ناتوانن تێچووی کڕینی گورچیلە بۆ نەخۆشەکەیان دابین بکەن.
ئەو گوتی نرخی دەوڵەتیی کڕینی گورچیلە ١٤ میلیۆن تمەنە، بەڵام ئەوانەی گورچیلەکانیان دەفرۆشن بە جیا لەگەڵ نەخۆشەکە دەسازێنو زۆر زیاتر لەوەندەیان لێ وەردەگرنو جاری وایە نرخی گورچیلەیەک لە ٢٥ میلیۆن تمەنیش تێدەپەرێ کە ئەوە بە هەموو کەس نادرێ.
بیگلەری بە ئاماژە بەوەی نەخۆشە دیالیزییەکان زۆرتر لە بنەماڵە دەسکورتو هەژارەکانن، گوتی: ئەو کەسانە دوای دیالیزیش بەهۆی بەدخۆراکیو کەمیی ویتامین کە بەهۆی دیالیزکرانیان تووشی دەبن، لاوازنو زۆربەیان بە بەردەوامی کەمیی ویتامینیان هەیەو تەنانەت ئەگەر باشترین دەرمانەکانیشیان بە خۆڕایی بدرێتێ، کە نایان درێتێ، بە هۆی بەدخۆراکییان کاریان تێ ناکاو هەر ڕۆژێ لە چاو رۆژی پێشوو خراپتر دەبن.
وەزارەتی بێهداشتی ئێران دەڵێ ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار كەس لە ئێران نەخۆشیی گورچیلەیان هەیەو، لەم ڕێژەیەش نزیكەی ٢٧ هەزار كەسیان ٣ جار لە حەوتوودا دیالیز دەكرێنو ئێستا پتر لە ٢٥ هەزار کەو لەوان لە چاوەڕوانیی پێوەندكردنی گورچیلە دان.
هەر بەپێی ئەم ئامارانە، ساڵانە لە نێوان ٥ تا ٦ هەزار كەس بەم حەشیمەتە زیاد دەبن و بەپێی پێشبینییەكان، ژمارەی نەخۆشانی گورچیلە تا ساڵی ١٤٠٠، هەموو ساڵێ ٩ هەزار كەسی دیكەی پێ زیاد دەبێ.