چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگریی ئەمریكا پەنجەی تۆمەتی تەقینەوە كارەساتبارەكەی بەیرووتی پێتەختی لوبنان بۆ حیزبوڵڵای لوبنان درێژ دەكەن.
بە گوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەكان، تەقینەوەكەی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی بە هۆی كەمتەرخەمی ئەو حیزبەوە بووە کە لە ئەمباركردنی مەترسیدارترین ماددەكانی تەقەمەنیدا پێبەندی یاساکانی نێودەوڵەتی نەبووە.
به گوێرهی زانیاریی ئهو سهرچاوانه، زۆربەی كارە ئیدارییەكان لە بەندەری بەیرووت لەژێر كۆنتڕۆڵی حیزبوڵڵای لوبنان دان، بە بێ ئەوەی لە ڕاپەڕاندنی كارەكاندا پێبەندی ڕێنمایی و پێوەرەكانی سەلامەتی بن و تەنیا گرینگی بەو داهاتە زۆرەی پارە دەدا، كە لە بەندەرەكەوە دەستی دەكەوێ، هەر بۆیە ئەنجامەكانی ئەو تەقینەوەیەی ڕۆژی سێشەممە ڕووی دا، كارەساتبار بوون و شاری بەیرووتی وێران كرد.
هەواڵگری ئەمریكا لە كۆتایی هەڵسەنگاندنەكەیدا دووپاتی كردەوە، كۆنترۆڵی حیزبوڵڵای لوبنان لە سەر بەندەری بەیرووت هۆكاری سەرەكی پشت ئەو كارەساتە بووە.
ئەو سەرچاوانەی هەواڵگری ئەمریكا، كە ناسنامەكانیان ئاشكرا نەكراوە، جەختیان كردەوە، “حیزبوڵڵای لوبنان لەو بەندەرە سەرپەرشتیی چەندین پرۆسەی تاوانكاریی ڕێكخراو دەكا، لەوانەش: “بە قاچاغ بردنی كاڵا بە بێ ئەوەی باجەكەی بە دەوڵەت بدا، هەروەها بە قاچاغ بردنی چەند ماددەیەكی دیاریكراوی قەدەغەكراو لەسەر ئاستی جیهان.
هەروەها شارەزایانی سەربازی وەکوو “ڕابێرت بائێر” کە بەرپرسێکی پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی ئەمریکایە پێیان وایە کە تەقینەوەکان نیتراتی ئامۆنیۆم نەبووە و بە پێی تەقینەوەکان و جۆری ئاگرەکە، شوێنەکە شوێنێکی سەربازی و پڕ لە تەقەمەنی بووە.
شایانی باسە کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی تەقینەوەیەكی گەورە لە بەندەری بەیرووت لە پێتەختی لوبنان ڕووی دا و بە هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ كەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٤هەزار كەسیش بریندارن، وێڕای ئەوەی هێشتا ژمارەیەكی زۆری قوربانیان لەژێر دار و پەردووی خانوو و باڵەخانە وێران بوو و ڕووخاوەكان ماون و پێشبینی دەكرێ لە داهاتوودا ژماری قوربانیان زیاد بکا.
ئەمەش لە كاتێكدایە لە لایەك قەیرانی سیاسی و دارایی و لە لایەكی دیكەشەوە تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا لەو وڵاتە تەنگی بە دەسەڵاتدارانی ئیداری و تەندروستی هەڵچینیوە.












