تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم لە شاری “هەرسین” لە پارێزگای کرماشان بریندار بوونی دوو کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی لێکەوتەوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی لە شاری هەرسین لە پارێزگای کرماشان تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند کەس و هێزەکانی ئینتیزامیی ڕێژیم ڕووی داوە، لە ئاکامدا هێزە ئینتیزامییەکان لەگەڵ دژکردەوەی توندی خەڵک بەرە و ڕوو بوون وکەسێک لە هێزەکانی ڕێژیم لە لایەن خەڵکەوە بە سەختی بریندار کراوە.
شایانی باسە کە ئەو تێکهەڵچوونە پاش ئەوە ڕووی داوە کە هێزە ئینتیزامییەکان ویستوویانە لاوێک دەسبەسەر بکەن، بەڵام ئەو لاوە بە هیچ شێوەیەک ملکەچی بڕیاری ئەوان نابێ و هێرش دەکاتە سەرئەو هێزانەی ڕێژیم و خەڵکیش بە هانایەوە دەچن.
جێگەی ئاماژەیە ڕق و تووڕەیی خەڵکی ئێران و بە تایبەت خەڵکی کورد لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە سەرکوتکەرەکانی گەیشتوەتە لووتکە و بە هەموو شێوەیەک بێزاری خۆیان لەو ڕێژیمە دەردەبڕن.











