ئەمریکا حەوتووی داهاتوو بڕیارنامەی گەمارۆی چەک و چۆڵ لەسەر ئێران دەباتە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
مایک پۆمپێئۆ لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی بەڕێوەچوو ڕایگەیاند کە ئەمریکا حەوتووی داهاتوو بڕیارنامەی قەدەغەی کڕین و فرۆشتنی چەک و چۆڵ بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەباتە شۆرای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان.
ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا وتی هەرچەند پێدەچێ کە ڕووسیە و چین وەکوو بەرەی دیکتاتۆرەکانی جیهان پشتی سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا بگرن بەڵام ئەمریکا لە هەر ڕێگایەکەوە بۆی بکرێ دەیهەوێ ئەو ڕێژیمە ملهوڕ و ئاژاوەگێڕە ناچار بکا ڕێز لە یاسا نێونەتەوەییەکان بگرێ.
شایانی باسە کە ئەمریکا پاش ئەوەیکە ساڵی ٢٠١٨ لە ڕێککەوتنی بەرجام هاتەدەرەوە گوشارەکانی لە ڕێگای گەمارۆی ئابووری و سیاسییەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر و بەردەوامیش زیاتر دەکا و پێیوایە بە گوشاری زیاتر ئەو ڕێژیمە ناچار دەبێ بێتە سەر میزی دانوستاندن و ملکەچی بڕیارە نێونەتەوەییەکان دەبێ.












