ئەمریکا بەشێک لە هێزەکانی خۆی بۆ چاودێری لە ناوچە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریە ڕێک خستوە.
دێمەشق سەبارەت بە گرێبەستی نەوتیی کۆمپانیایەکی ئەمریکایی لەگەڵ هێزە دێموکراتیکەکانی سووریە لە ناوچەیەکی پڕنەوت، هۆشداریی دا و ئەوەی بە “بە تاڵانبردنی نەوتی سووریە” ناو برد.
بە پێی ڕاپۆرتی “ڕۆیتێرز″، وەزارەتی دەرەوەی سووریە، ڕۆژی یەکشەممە بەبێ ئاماژەدان بە ناوی کۆمپانیا ئەمریکاییەکە و وردەکاریی گرێبەستەکە، ڕایگەیاند ئەو کۆمپانیایە بە پشتیوانیی ئەمریکا لە هەوڵدایە سەرچاوەی نەوتیی سووریە بە تاڵان ببا.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتوە کە ئەو گرێبەستە نایاساییە و لە هەمان کاتدا پێشێلکردنی سەرەوەریی نەتەوەیی سووریەیە.
سووریە پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی لە ساڵی ٢٠١١ ڕۆژانە نزیکەی ٣٨٠ هەزار بۆشکە نەوتی بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ ٢٥ هەزار بۆشکە دابەزیوە و ناوچە پڕنەوتەکانیش لە باشووری فورات لە “دیرالزور” لە دەستی هێزەکانی دژبەری بەشار ئەسەد و کوردەکاندایە.
جێی ئاماژەیە، خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو ئەمریکا بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە سووریە کشاندەوە، بەڵام بەشێکی تر لەوانی بە مەبەستی چاودێریی ناوچە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریە هێشتەوە.












