بەڕێوەبەری ئاژانسی پەدافەندی مووشەکیی ئەمریکا لە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە دەڵێ: “لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕاددەی مەترسیی مووشەکیی ڕووسیە، چین، کورەی باکوور و ئێران، بۆ سەر ئاسایشی جیهان بەرز بوەتەوە.
” جانهیل” لە دانیشتنێکی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا لەو ماوەیەدا بە وردی دەبێ چاودێریی هەر چەشنە جموجۆڵێکی ئەو وڵاتانە بکا و لەسەر چەکوچۆڵ و بە تایبەتی مووشەکی جۆری کورووز کە لەو وڵاتانەدا بەرهەم دەهێنرێ بە هەستیارییەوە مامەڵە بکا.
ناوبراو هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هۆشداری دایە وڵاتانی ڕووسیە، چین، کورەی باکوور و ئێران و ڕایگەیاند: “ئامادەین وڵامی هەر چەشنە هێرشێکی ئەو وڵاتانە کە ئاسایشی جیهان و بە تایبەت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بخاتە مەترسییەوە بەشێوەیەکی توند بدەینەوە.”
شایانی باسە لە تازەترین بابەتی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، “مایک پۆمپێئۆ”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مانگی پووشپەڕ لە دانیشتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان باسی لە بڕیاری ئەمریکا سەبارەت بە پاراستنی وڵاتانی عەڕەب لە کەنداوی فارس لە بەرامبەر هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کرد.












